ئەردۆغان: هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران پێشێلکاریی یاسان

:: PM:09:30:02/03/2026 ‌
سەرۆک کۆماری تورکیا بە توندی هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران ئیدانە کرد و بە پێشێلکاریی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتی وەسفی کردن، هاوکات ئیسرائیلی بە هۆکاری ئەم جەنگە زانی.

ئەمڕۆ دووشەم دووی ئاداری 2026، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان لە میانی بەربانگێکدا لە ئەنقەرە ڕای گەیاند، دەستدرێژییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، پێشێلکاریی زەقی یاسای نێودەوڵەتین و ئێمە هاوبەشی ئازارەکانی گەلی ئێرانین.

ئەردۆغان ئاماژەی بەوە دا، تورکیا پێوەندییەکانی لەسەر هەموو ئاستەکان چڕ دەکاتەوە تا دەگاتە ئاگربەست و هێورکردنەوەی دۆخی ناوچەکە.

سەرۆکی تورکیا ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد و گوتی، هاندانەکانی ئیسرائیل بووە هۆی فراوانبوونی بازنەی ناکۆکییەکان تا گەیشتە پێکدادانی چەکداری، کە بەهۆیەوە وڵاتانی کەنداویش کاریگەرییان لەسەر دروست بووە.

ئەردۆغان دووپاتی کردەوە، لە ئێستەدا ئەولەویەتی سەرەکی بریتییە لە وەستاندنی شەڕ و کردنەوەی دەرگای دیپلۆماسی. هۆشداریشی دا کە "بەردەوامبوونی پێکدادانەکان لێکەوتەی مەترسیداری بۆ ناوچەکە دەبێت و جیهان بەرگەی دەرەنجامەکانی ناگرێت".



وشە - پۆڵا مەحموود