سێ شەوە لایەنگرانی میلیشیاكان لەبەردەم ناوچەی سەوز كۆ دەبنەوە، لە دوای دەست پێكردنی هێرشە هاوبەشە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل و ئەمەریكا بۆ سەر ئێران و دواتر راگەیاندنی كوژرانی عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران، لایەنگرانی میلیشیا شیعەكان لە بەغدا لەبەردەم ناوچەی سەوز لە بەری پردی هەڵواسراو كۆ بوونەوە و دەیانەوێ بگەن بە تەلاری باڵوێزخانەی ئەمەریكا و هێرشی بكەنە سەر.
دوای ئەوەی تا ئێستە بە تەواوەتی لە لایەن هێزە تەناهییەكانی عێراقەوە رێگرییان لێ كراوە و بە گازی فرمێسكڕێژ و گولەی راستەقینە بڵاوەیان پێ كرا، ئەمشەو جارێكی تر ئەوان لەبەرەدەم دەروازەكانی ناوچەی سەوز كۆ بوونەتەوە و هەوڵی گەیشتن بە باڵوێزخانەی ئەمەریكا دەدەن، وەك سەرچاوەیەكی تەناهی باسی كرد.
سەرچاوەكە زیاتر دەڵێت، جارێكی تر خۆپێشاندەران لە نزیك پردی هەڵواسراو كە بەرەو باڵوزێزخانەی ئەمەریكا لەو ناوچەی سەوز دەچێت، گرد بوونەتەوە، هاوكات هێزە تەناهییەكان لەسەر پردەكە ئامادەن بۆ رێگریكردن لێیان لە گەیشتن بە باڵوێزخانەكە و رێوشوێنی توندیان وەرگرتووە.
ئەوە لەو كاتەی چەند جارێكە باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا وریایی لە پەرەسەندنی دۆخەكە و گۆڕانی بۆ توندوتیژی لە نزیك باڵوێزخانەكە دا و داوای لە هاووڵاتییانی ئەمەریكی لە عێراق كرد وریای خۆیان بن و كارمەندانیش دەتوانن لە دوورەوە كار بكەن، هاوكات بەشێك لە چالاكییەكانی باڵوێزخانەكەی وەستاند.