هێرشەكەی دوایی ئیسرائیل و ئەمەریكا هاوكات دیارییەك و نسكۆیەك بوو بۆ میلیشیاكان و هێزە سیاسییەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، ئەوان گوشاری ئەمەریكایان لەسەر بوو بۆ گۆڕینی نووری مالیكی كاندیدی سەرۆك وەزیران، هاوكات كوژرانی عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران و رۆحیی بەشێكی میلیشیاكان و هێزەكانی ناو چوارچێوە وەك نسكۆیەك هات، بۆیە تا ئێستە زیاتر لە سەركۆنەكردن هیچی تریان نەكردووە، بڕیارە ئەوان كۆ ببنەوە.
عەبدولسەمەد زەرگوشی ئەندامی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئاشكرای كرد كە ئەگەری هەیە چوارچێوەكە لە 48 سەعاتی داهاتوو كۆبوونەوەیەكی گرنگ بۆ باسكردنی چەند بابەتێك ساز بكات، لەوانە كردنەئامانجی بنكە و بارەگەكانی حەشدی شەعبی لە پارێزگاكانی دیالە و بابل و ئەنبار.
زیاتر گوتی، كردنەئامانجی بارەگەكانی حەشدی شەعبی لە 72 سەعاتی رابردوو و كەوتنەوەی كوژراو و بریندار لە هێرشەكان، بابەتێكی زۆر مەترسیدارە و پێوەستە بە سەروەریی عێراق، چونكە حەشدی شەعبی بەشێكە لە دامەزراوەی فەرمیی سەربازی و كردنەئامانجی واتە كردنەئامانجی دامەزراوەكانی دەوڵەت، بۆیە پێشبینی دەكرێت لە كۆبوونەوەكە بەیاننامەیەكی بەهێز دەربكرێت و بەرجەستەی هەڵوێستی چوارچێوەكە بكات.
شایەنی باسە لەگەڵ دەست پێكردنی هێرشەكانی ئیسرائیل و ئەمەریكا بۆ سەر ئێران، چەند گرووپێكی شیعە بەناوی بەرگریكاری دەستیان بە هێرشەكردنە سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا كرد، بەتایبەتی هێرشیان كردە سەر كونسوڵگەی ئەمەریكا و فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ئەوەش وای كرد كە بنكە و بارەگەی ئەو میلیشیایانە لە چەند ناوچەیەكی عێراق، بەتایبەتی لە جەرف سەخر لە بابل و لە دیالە و لە ئەنبار و دەشتی نەینەوا بكرێنە ئامانج.