میلیشیاكان دۆخی عێراق بەرەو ئاڵۆزی دەبەن

:: PM:10:58:02/03/2026 ‌

بەشێك لە شارەزایان پێیان وایە میلیشیاكان لە عێراق و ناوچەكە لە دوای كوژرانی عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران تووشی شۆك بوونە، ئەوان تا ئێستە چاوەڕوانی رێنوێنیی نوێی تاران دەكەن بۆ قۆناغی دوای ئەو رووداوە گەورە، بۆیە تا ئێستە كاردانەوەكەیان هەڕەمەكییە و شپرزەیی پێوە دیارە، ئەگەرچی لەم سێ رۆژەی دوایی بۆردمانی چەند ناوچەیەكیان كرد.

هەر لە دوای هێرشەكەی ئیسرائیل و ئەمەریكا بۆ سەر ئێران و كوشتنی رابەری باڵای ئەو وڵاتە، بەشێك لە میلیشیاكانی عێراق دەستیان بە جموجۆڵ كرد و تا ئێستەش بەردەوامن، ئەوان هەولێریان بە درۆن بۆردمان كرد، جیا لەوە ئەمڕۆ لە چەند ناوچەیەكی جیاوازی بەغدا و پارێزگای سەڵاحەدین چالاكییان هەبوو، چەند سەرچاوەیەكی تەناهیی عێراقی ئاماژەیان كرد كە ئەمڕۆ درۆنێكی بۆمبڕێژكراو لە نزیك وێستگەی كارەبای شارەدێی وەحدە لە باشووری بەغدا كەوتووەتە خوارەوە.
چەند سەرچاوەیەكی تر باسی ئەوەیان كرد كە رێوشوێنی توندی تەناهی لەناو بنكەی سەربازیی ڤیكتۆریا لە فڕۆكەخانەی بەغدا گیراوەتە بەر، دوای كەوتنەخوارەوەی درۆنێك لە نزیكی، ئەو بنكەی ژمارەیەك راوێژكاری سەربازیی بیانی لەخۆ گرتووە، لە پارێزگای سەڵاحەدین بنكەی ئاسمانیی بەلەد بە دوو درۆنی بۆمڕێكراو كرایە ئامانج، ئەو بنكەی كەوتووەتە باكوری بەغدا و چەند یەكەیەكی سەربازی عێراقی و بیانی تیادایە.

ئەمشەویش شانەی راگەیاندنی تەناهی خستنەخوارەوەی درۆنێكی دروستكراوی ناوخۆیی لە نزیك بەنداوی مووسڵ راگەیاند، لای خۆیەوە كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقی دووپاتی كردەوە كە ئەو فڕۆكانەی لە چەند رۆژی رابردوو بنكە و بارەگەكانی حەشدی شەعبیان كردووەتە ئامانج لە بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە ئوردن هاتوون.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل