بەریتانیا هێزی زیاتر رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات

:: PM:08:28:03/03/2026 ‌

ئەگەرچی بەشداریكردنی لە هێرشەكانی سەر ئێران رەت دەكاتەوە، بەڵام نایشارێتەوە و لە بەرگریكردن لە بنكە سەربازییەكانی لە ناوچەكە و هاوپەیمانەكانی بەشدارە، كیێر ستارمەر سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا رای گەیاند كە كەشتییەكی جەنگی و چەند هەلیكۆپتەرێك رەوانەی رۆژهەوڵاتی ناوەڕاست دەكەن بۆ بەهێزكردنی توانا بەرگرییەكانیان لە ناوچەكە. 

ستارمەر روونی كردەوە، بەریتانیا كەشتیی راگۆن و چەند فڕۆكەیەكی هەلیكۆپتەری دژە درۆن رەوانەی قوبرس دەكات، بەپێی ماڵپەڕی "پۆلۆتیكۆ"ی گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا ئاماژەی كردووە كە هێزە چەكدارەكانیان لە كاركردن بۆ پاراستنی گەل و بنكە سەربازییەكان و هاوبەشانیان لە ناوچەكە بەردەوامن.

لەوكاتەی چاوەڕوان دەكرێت گەیشتنی ئەو كەشتییە بەریتانییە بۆ ناوچەكە چەند رۆژێك بخایەنێت، فڕەنسا خۆی بۆ رەوانەكردنی سیستمێكی دژەمووشەك و درۆنی بۆ قوبرس یەكلا كردووەتەوە، لەوكاتەی یۆنان چەند كەشتییەك و فڕۆكەی جەنگی رەوانەی دوورگەی قوبرس كردووە، ئەوەش دوای هێرشە درۆنییەكانی دوێنێ دووشەم لە لبنانەوە بەرەو دوورگەكە هەڵدران. 

شەمووی رابردوو سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا رای گەیاند، هێز و فڕۆكە جەنگییەكانی بەریتانیا لە ئەركی بەرپەرچدانەوە و بەرگریكردن لە بەرژەوەندییەكانی خۆیان و هاوپەیمانانیان بەشدارن، ئەمڕۆ هێزەكانمان كاریان كرد و فڕۆكە جەنگییەكانیشمان بە ئاسمانەو بوون لە چوارچێوەی ئەركێكی وردی بەرگریكردن و هاوئاهەنگیكردن لە ناوچەكە بۆ پاراستنی گەل و بەرژەوەندییەكانمان و هاوپەیمانانمان، وەك ئەوەی پێشتر بەریتانیا بەپێی یاسای نێودەوڵەتی ئەنجامی داوە.

روونی كردەوە، پارێزراویی بنكە سەربازییەكان و هاووڵاتییانی بەریتانیمان بۆ بەرزترین ئاست زیاد كرد، دووپاتی كردەوە كە نابێت بە هیچ شێوەیەك رێگە بە ئێران بدرێت بە پەرەپێدانی چەكی ئەتۆمی، مسۆگەركردنی ئەوەش ئەركی لەپێشینەی بەریتانیا و هاوپەیمانەكانیەتی.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل