دوای هێرشە هاوبەشە ئاسمانییەكەی ئیسرائیل و ئەمەریكا بۆ سەر ئێران لە شەمووی رابردوو، هێشتا شەڕە ئاسمانییەكە بەردەوامە و هەردوولا یەكتر بۆردمان دەكەن، رۆژانە ئەمەریكا و ئیسرائیل دەیان پێگەی ئێران دەكەنە ئامانج، هاوكات ئێران لەسەر هێرشی درۆن و مووشەكبارانی وڵاتانی ناوچەكە بەردەوامە، ئەو ئێوارەیە چەند تەقینەوەیەكی بەهێز ئیمارات و قەتەڕییان هەژاند.
وەك
میدیاكانی ئەمەریكا رایان گەیاند، دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە ژمارەیەك پایەتەخت و شاری كەنداو بیستراوە، ئاژانسی "رۆیتەرز"، ئاماژەی كرد كە دەنگی چەند تەقینەوەیەكی بەهێز لە ئەبوزەبی و دۆحە و دوبەی بیستراوە، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی قەتەڕ رووبەڕووی هێرشە ئاسمانییەكە بووەتەوە كە لە ئێرانەوە سەرچاوەی گرتووە.
لای خۆیەوە سوپای ئێران خستنەخوارەوەی شەش درۆنی پێشكەوتووی لە جۆری "هرمس"، راگەیاند، هەرچی پنتاگۆنە رای گەیاند كە تا ئێستە هەڵمەتە سەربازییەكەی سەر ئێران لە یەكەم قۆناغیدایە و لە سەرەتای هێرشەكە لە شەمووی رابردووەوە تا ئێستە زیاتر لە 1700 هێرشی ئاسمانی كراوەتە سەر ئێران، ئیسرائیل سەرپەرشتیی هێرشەكان دەكات و بەشی زۆری ئەنجام دەدات.
لەوكاتەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریكا رای گەیاند كە ئەو پێگە هەستیارەكانی ئێران بە مەبەستی لێكهەڵوەشانەوەی دەزگا تەناهییەكانی سەر بە رژێمی ئێران دەكاتە ئامانج، بریدیج كۆڵبی بەرپرسی سیاسەتەكان لە وەزارەتی جەنگی ئەمەریكا رای گەیاند، تا ئێستە هەڵمەتە سەربازییەكە لە قۆناغی سەرەتایەتی و كوشتنی عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران كارێكی ئیسرائیلی بوو، ئامانجی ئەمەریكا نەهێشتنی توانای سەربازیی ئێرانە بۆ هێرشكردنە سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمان و هاوبەشانی واشنتن لە ناوچەكە و دەرەوەی.