بارەگەیەكی میلیشیاكان لە جەرف سەخر بۆردمان كرا

:: PM:10:18:03/03/2026 ‌

لە دوای دەست پێكردنی هەڵمەتە سەربازییەكەی سەر ئێران لە بەیانیی شەمووی رابردوو، میلیشیاكانی عێراق بوونەتە بەشێك لەو شەڕە و دەستیان كردووە بە بۆردمانكردنی بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە چەند ناوچەیەكی عێراق و هەرێمی كوردستان، لە بەرانبەردا بنكە و بارەگە و سەربازگەكانیان لە چەند ناوچەیەكی عێراق دووچاری هێرشی ئەمەریكا بووەتەوە.

لە چەند رۆژی رابردوو بارەگەی میلیشیاكان لە دەشتی نەینەوا و جەرف سەخر لە بابل و دیالە و سەڵاحەدین و ئەنبار بۆردمان كرا و كوژراو و بریندار هەبوو، ئەمشەو سەرچاوەیەكی تەناهی لە پارێزگای بابل رای گەیاند كە پێگەیەكی میلیشیاكان لە ناوچەی جەرف سەخر، كە ناوچەیەكی چۆڵكراوە و سەربازگە و حەشارگەی میلیشیاكانی نزیك لە ئێرانە لەوانە هی كەتیبەكانی حزبوڵا، دوو هێرشی ئاسمانی كراوەتە سەر، بەڵام زیانەكان دیار نین.

بەپێی میدیاكانی عێراق، لە ماوەی 72 سەعاتی رابردوو ناوچە جیاجیاكانی عێراق بە 100 مووشەك و درۆن كراوەنەتە ئامانج، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو شەڕە ئاسمانییەی لە نێوان ئیسرائیل و ئەمەریكا و ئێران لە شەمووی رابردووەوە هەڵگیرساوە، كە میلیشیاكان خۆیان بە بەشێكی دەزانن و دەیانەوێت عێراق رابكێشنە ناویەوە.

ئێستە میلیشیاكان دەستیان كردووە بە بۆردمانكردنی چەند ناوچەیەكی عێراق بە درۆنی بۆمڕێژكراو، لەوانە هەولێر و هەردوو بنكەی بەلەد و ڤیكتۆریا لە بەغدا، لە بەرانبەردا فڕكە جەنگییەكانی ئەمەریكا بنكە و سەربازگەی ئەو میلیشیایانە لە قائیم لە ئەنبار و میقدادیە لە دیالە و سەلمان لە سەماوە و جەرف سەخر لە بابل و دەشتی نەینەوا بۆردمان دەكەن.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل