میدیای عێراق: چوارچێوەی هاوئاهەنگی بڕیاری دوورخستنەوەی مالیكی داوە

:: AM:09:11:04/03/2026 ‌
چەند ماڵپەڕێكی عێراقی ئاشكرای دەكەن، تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ كۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بێ‌ بەشداربوونی نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەڕێوەچووە، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار دراوە نووری مالیكی لە كاندیدی پۆستی سەرۆكایەتی حكوومەت دوور بخرێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم چواری ئادار، چەند ماڵپەڕێكی عێراقی ئاشكرایان كردووە، شەوی رابردوو چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە كۆ بووەتەوە و كۆبوونەوەكەیش تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەردەوام بووە، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار دراوە مالیكی لە كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیران نەمێنێت. دووپاتی ئەوەیش كراوەتەوە كە مالیكی لە كۆبوونەوەكە بەشدار نەبووە.

ماڵپەڕی "الساعە"ی عێراقی باس لەوە دەكات، ئەمڕۆ بڕیارەكە رادەگەیەنرێت و لە رۆژانی داهاتوویش كاندیدێكی تر دەستنیشان دەكرێت. هەمان ماڵپەڕ باس لەوە دەكات دوای وتارەكەی فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە عێراق، هیچ دەرفەتێك لە بەردەم مالیكی نەماوە بۆ بەردەوامبوون لەسەر كاندیدبوونی، چونكە فایەق زێدان رەتی دەكاتەوە گەورەترین فراكسیۆن ئەوە بێت كە دوای ئەنجامی هەڵبژاردن لەناو پەرلەمان پێكبهێنرێت، تا لەلایەن سەرۆك كۆماری هەڵبژێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەت بێتە راسپاردن. 

بەم لێدوانەی فایەق زێدان مالیكی شیاوی سەرۆكایەتیی حكوومەت نابێت، چونكە هاوپەیمانییەكەی كە ناوی "دەوڵەتی یاسا"یە گەورەترین فراكسیۆنی براوەی هەڵبژاردن نییە.
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل