میدیای ئیسرائیل لە چەند سەرچاوەیەكی سەربازییەوە ئاشكرایان كردووە، شەوی رابردوو فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل كۆمەڵێك هێرشیان لە چەند شارێكی عێراق بۆ سەر بارەگای میلیشیاكان ئەنجام داوە.
ئەمڕۆ چوارشەم چواری ئادار
میدیای ئیسرائیل بڵاوی كردووەتەوە، شەوی رابردوو فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل هێرشیان كردووەتەوە سەر چەند شارێكی عێراق و بارەگای میلیشیاكانی سەربە ئێرانیان بۆردمان كردووە، هیچ زانیارییەكی تریش لەسەر ئەم بابەتە بڵاو نەكراوەتەوە.
بەڵام سەرچاوەیەكی تەناهی لە عێراق بە ماڵپەڕی بەغداد تودەی راگەیاندووە، شەوی رابردوو چەندان پێگەی حەشدی شەعبی كراونەتە ئامانج و بە سەختی بۆردمان كراون. ئەو پێگانەیش لەو شارانەن: دیالە، مووسڵ، ئەنبار و سەڵاحەدین.
دوای هەڵگیرسانی شەڕی ئیسرائیل و ئەمەریكا لەگەڵ ئێران، چەند میلیشیایەكی عێراقی كە سەربە ئێرانن، شەڕیان لە دژی ئەمەریكا و ئیسرائیل راگەیاندووە، بۆیە هێرش دەكەنە سەر چەند ناوچەیەكی بەغدا و هەرێمی كوردستان.
دوێنێ شانەی تەناهیی عێراق ئاشكرای كرد، لە ئەبوغریب لە باكوری بەغدا دەست بەسەر سەكۆیەكی مووشەكی گیراوە، كە نۆ مووشەكی لەگەڵ بووە و بۆ هێرشكردنە سەر بەغدا ئامادە كرابوو.