كەشتییەك بۆ هەڵگرتنی نەوت دەگاتە كەناراوەكانی ئیمارات

:: AM:09:44:04/03/2026 ‌
سەرچاوە بازرگانییەكان و چاودێری ئۆنلاینی جووڵەی كەشتییە گوێزەرەوەكان دەریانخستووە، كەشتییەكی هەڵگرتنی نەوت دوێنێ سێشەم لە كەنداو و گەرووی هورمز بینراوە و دەیەوێ بگاتە ئیمارات و لەوێ نەوت بكڕێ و باری بكات، دووبارە بە گەرووی هورمز بگەڕێتەوە ناو ئاوەكانی دەریای عەرەبی.

ڕۆیتەرز داتاكانی گرووپی بۆرسەی لەندەن، كەشتی گوێزەوەی نەوتی "بۆلا" كە جۆرێكە لە چینی سویزماكس و سیستمی پێشاندانی خۆكارانەی لەسەر نەخشە كوژاندبووەوە، كە سیستمی چاودێریكردنی كەشتییە لە ناو ئاوەكان، لە درەنگانی شەوی دووی ئادار/مارسدا لە گەرووی هورمز نزیك بووەتەوە و سێی هەمان مانگیش گەیشتووەتە كەناراوەكانی ئەبوزەبی لە ئیمارات.

سەرچاوە بازرگانییەكان بێ ئەوەی ناویان ئاشكرا بكرێ بۆ ڕۆیتەرز قسەیان كردووە و دەڵێن، كەشتییەكە چووەتە بەندەری جەبەل و لەوێ وەستاوە و دەیەوێ نەوتی خامی ئیماراتی بكڕێ و بەڕێ بكەوێ بۆ تایلاند، ئەو بارە نەوتەی هەڵیدەگرێت، بۆ تایلاندی كڕیوە، بۆیە دەسبەجێ بەم ئاراستەیە هەنگاو دەنێ.

ڕۆیتەرز پێوەندیی بە كۆمپانیای دایناكۆم تانكەرز كردووە كە كەشتییەكە سەر بەو كۆمپانیایە، بەڵام بەرپرسانی كۆمپانیاكە بە بیانووی ئەوەی كاتی كارەكانیان تەواو دەبێ، بۆیە ئامادە نین هیچ لێدوانێك لەوبارەوە بدەن.

بەگوێرەی داتاكانی فۆرتیكسا بۆ چاودێری جووڵەی كەشتییەكان، لە یەكی ئادار/مارس چوار كەشتی لە ئاوەكانی كەنداو بوون، ئەمەیش ڕێژەیەكی زۆر كەمە، چونكە لە سەرەتای مانگی كانوونی دووەم/ یەنایەری ئەمساڵ رۆژانە 24 كەشتی بە بەردەوامی هاتوچۆیان بە كەنداو و گەرووی هورمز كردووە.

هۆی ئەو كەمبوونەوەیش بۆ شەڕی ئەمەریكا و ئیسرائیل دژ بە ئێران دەگەڕێتەوە كە 28 شوبات/فێبرایەر دەستی پێ كرد و تا ئێستەیش جەنگەكە بەردەوامی هەیە، ئەمە وایكردووە نرخی نەوت ڕوو لە بەرزبوونەوە بكات.


وشە - باز ئه‌حمه‌د