توركیا ئەندامی ناتۆیە
هێرشكردنە سەر توركیا قومارە و ئەندامانی ناتۆ بەرگری لێ دەكەن
هێرشنەكردنە سەر توركیا لە نیازپاكی و بێهێزی ئێران نییە
ئێران چاوەڕوانی هێرش لە كەنداو ناكات بەڵام توركیا وەڵامی دەداتەوە
رۆژنامەی عەرەب لە راپۆرتێكدا دووپاتی دەكاتەوە، ئێران بوێریی نییە هاوشێوەی وڵاتانی كەنداو هێرش بكاتە سەر توركیا، ئەمەیش لە نیازپاكی نییە، بەڵكو دەزانێ توركیا ئەندامی ناتۆیە و بە توندی وەڵامی دەداتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەم چواری ئادار، رۆژنامەی
عەرەب لە راپۆرتێكدا باس لە دووفاقیی ئێران دەكات لە هێرشەكاندا، باس لەوە دەكات ئێران هەمیشە دووپاتی دەكاتەوە، هێرش دەكاتە سەر تەواوی دامەزراوەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە، كەچی توركیا دوو بنكەی گەورەی ئەمەریكای لێیە و تا ئێستە ئێران بوێریی نییە هێرشیان بكاتە سەر.
بە بڕوای راپۆرتەكە، ئەم جیاكارییە پێوەندیی بە لاوازیی تواناكانی ئێران نییە، بەڵكو لە بەرچاوگرتنێكی ستراتیجی گرنگە، هەڵەكردن تێیدا قوماركردنێكی زۆر ترسناكە و هەنگاوێكی وەهایش لەلایەن ئێرانەوە بنرێت، ئەوا ململانێی ناوچەكە تا ئاستی كارەساتی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی بەرز دەكاتەوە.
دوو بنكەی سەربازی گرنگی ئەمەریكا لە توركیا هەیە، یەكەمیان ئەنجەرلیكە. ئەو بنكەیە دەكەوێتە شاری ئەدەنەی باشووری توركیا، ناوەندێكی گرنگە بۆ ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی "ناتۆ" و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بۆ ناوچەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا، ئەو بنكەیە بە دەیان ساڵ بۆ مەبەستی مەشقكردن و ئۆپراسیۆنی ئاسمانی و لۆجیستی بەكار هاتووە.
بنكەی دووەم كۆریجیك كە دەكەوێتە شاری مەلاتیە لە ناوەڕاستی توركیا، سیستمێكی گرنگی راداری ناتۆی تێدایە، كە بەپێی تێگەیشتنی شارەزایان، هەر لە دوورەوە دەتوانێت مووشەكی ئێران ئاشكرا بكات، ئەمەیش هۆكارێكی ترە كە ئێران بوێری نەبێت ئەو هێرشە بكات.
یەكێك لە هەر دیارترین هۆكارەكان كە ئێران بوێری نەبێت ئەوەیە، توركیا ئەندامێكی گرنگی هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی "ناتۆ"یە، هۆكارێكی تر بەگوێرەی لێكدانەوەی شارەزایان ئەوەیە چەكی ئەتۆمی ئەمەریكا لەو شوێنەیە، سەرەڕای ئەمانەیش توركیا هاوشێوەی وڵاتانی كەنداو نییە كە تا ئێستە هێرشی پێچەوانەیە نەكردووەتە سەر ئێران، بەڵكو تەنیا بەرگرییان كردووە، بۆیە ئێران دەزانێت كە هەر هێرشێكی بۆ سەر توركیا، رووبەڕووی هێرشێكی دەستبەجێ و پێچەوانە دەبێتەوە.
رۆژنامەی عەرەب دەڵێ، "بۆیە جیاكردنەوەی توركیا لە هێرشەكانی ئێران بابەتی نیازپاكی نییە، بەڵكو ئەنجامی لێكدانەوەیەكی چەندجارەی ستراتیجییە لەوانە هێزی سەربازی توركیا، ئەندامێتی ناتۆ، بوونی چەكی ئەتۆمی، پێگەی جیۆسیاسی زیندووی توركیا، گرنگی رۆڵی دیپلۆماسی ئەنكەرە لە بەڕێوەبردنی تەنگژەكان لەبەرچاو گیراون".
گونەل توڵ شرۆڤەكاری تەناهی لە پەیمانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە واشنتن، بۆ رۆژنامەی عەرەب باس لەوە دەكات، هێرشكردنە سەر ئەندامێكی گرنگی ناتۆ "قومارێكی زۆر ترسناكە" بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی كەنداو كە كەمترین وەڵامدانەوەی سەربازییان هەبووە. توڵ ئاماژە بۆ ئەوەیش دەكات توركیا زۆر بە هەستیاری مامەڵە لەگەڵ بنكە سەربازییەكان دەكات و بە بەشێكی دەزانێت لە سەروەریی نیشتمانی.
عارف كەسكین شارەزا لە كاروباری ئێران لە زانكۆی ئەنكەرە، یەكێكی ترە لەوانەی قسەی بۆ رۆژنامەی عەرەب كردووە و دەڵێ، "هەر هێرشێكی سەر توركیا یەكسەر وەڵام دەدرێتەوە، ئەمەیش وا دەكات كۆنترۆڵكردنی شەڕەكە ئاڵۆز بێت". كەسكین باس لەوەش دەكات مادەی پێنج لە پەیماننامەی ناتۆ ئاماژە بۆ ئەوە دەكات هێرش بكرێتە سەر ئەندامێك، ئەوا تەواوی ئەندامانی ناتۆ وەڵامی دەدەنەوە.
سیرهان ئاڤاكان توێژەرێكی تری توركیایە بۆ رۆژنامەی عەرەب دەڵێ، "ئێران لە هێرشەكانی بۆ سەر كەنداو پشتی بە گریمانەی ئەوە بەستووە ئەو وڵاتانە تۆڵە ناكەنەوە، بەڵام ئەو گریمانە لەسەر توركیا جێبەجێ نابێت". بۆیە ئەو توێژەرە دەڵێ، "ئێران نە پاڵنەرێكی ستراتیجی، نە نیازێكی بۆ هێرشكردنە سەر توركیا نییە".