عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، پێوەندیی بە قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق كردووە و داوای كردووە سنوورەكان كۆنترۆڵ بكرێت و هیچ كەس و لایەنێك دزە نەكاتە ناو خاكی ئێران. میدیاكانی عێراق ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، ئەو داوایەی ئێران پێوەندیی بەو زانیارییانەوە هەیە كە دەڵێن ئەمەریكا هاوكاریی هێزە كوردییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەكات دەست بە شەڕ بكەن لە دژی ئێران.
ئەمڕۆ چوارشەم چواری ئادار، نووسینگەی
قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرای دەكات، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران پێوەندیی بە ئەعرەجی كردووە و داوای كۆنترۆڵكردنی سنوورەكانی لێ كردووە، لە راگەیەنراوەكەی ئەعرەجیدا هاتووە، "دووپات لەسەر گرنگی بەهێزكردنی هاوئاهەنگی و هاوكاری كراوە بۆ كۆنترۆڵكردنی سنوورە هاوبەشەكان و رێگرتن لە هەر هەوڵێكی دزەكردن بۆ نێوان ئەو دوو وڵاتە".
میدیاكانی عێراق باس لەوە دەكەن، ئەو داوایەی ئێران پێوەندیی بەو زانیارییانەوە هەیە كە باس لە پێوەندیی نێوان هێزە كوردییەكان و ئەمەریكا دەكەن. چونكە ئەمڕۆ ماڵپەڕی سی ئێن ئێنی ئەمەریكی و رۆیتەرز ئاشكرایان كرد، ئەمەریكا پێوەندیی بە هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كردووە، داوای لێ كردوون دەست بە جووڵەی سەربازی بكەن و بچنە ناو خاكی ئێرانەوە.