سەرۆكی ئێران پەیامێك ئاراستەی وڵاتانی كەنداو دەكات

:: PM:07:51:04/03/2026 ‌

دوای دەست پێكردنی هەڵمەتە سەربازییە هاوبەشەكەی ئیسرائیل و ئەمەریكا بۆ سەر ئێران لە شەمووی رابردوو، ئێران لە وەڵامی هێرشەكان ئەو وڵاتانەی ناوچەكەی بۆردمان كرد كە بنكەی سەربازیی ئەمەریكایان تیادایە، لە بۆردمانەكان چەند ئامانجێكی نەوت و غاز و مەدەنیشی گرتەوە، ئەوەش وڵاتانی ناوچەكەی توڕە كرد، ئەمڕۆ سەرۆكی ئێران پەیامێكی ئاراستە كردن.

ئەمڕۆ چوارشەم مەسعوود پزیشكیان سەرۆكی ئێران لە تویتێك بە زمانی عەرەبی لەو تۆڕی ئێكس نووسیویەتی، بۆ خاوەن شكۆكان سەركردەكانی وڵاتانی دۆست و دراوسێ، لەگەڵ ئێوە هەوڵمان دا بە رێگەی دیپلۆماسی رێگری لە شەڕ بكەین، بەڵام هێرشە سەربازییەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل هیچ بژارەیەكی تریان بۆ ئێمە نەهێشتەوە جگە لە بەرگریكردن لە خۆمان، ئێمە رێز لە سەروەریی ئێوە دەگرین، باوەڕیشمان وایە كە دەبێت ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە و بە هەوڵی تەواوی وڵاتان بێتە دی. 

لای خۆیەوە ئیسماعیل بەقائی گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رای گەیاند كە وڵاتەكەی تەنیا لە ئامانجە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە دەدات و زۆر بە وردی، ئەو لە دیدارێكدا دووپاتی كردەوە كە ئێمە تەنیا بەرگری لە خۆمان دەكەین و هێرش ناكەینە سەر وڵاتانی دراوسێ، تاران تەنیا هێرش دەكاتە سەر ئەو شوێنانەی كە هێرشیان تیادا دەكرێتە سەر ئێران. 

روونی كردەوە، ئێمە دەستی دۆستایەتی بۆ تەواوی وڵاتانی ناوچەكە درێژ دەكەین و ئەو قسانەشی كە هێرشمان كردووەتە سەر سعوودیە تەنیا تۆمەتە، ئێران دووچاری هێرشێكی نایاسایی لە لایەن ئەمەریكا و ئیسرائیل بووینەتەوە، بۆیە ئەو شەڕە لەسەر ئێمە سەپێنراوە و ئێمە دەستمان پێ نەكردووە و سوورین لەسەر ئاسایشی بە كۆمەڵ لە ناوچەكەدا. 





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل