لە دوای هێرشە هاوبەشەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بە مووشەك و درۆن بنكە سەربازی و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا وەك باڵوێزخانە و كونسوڵگەكانی بۆردمان دەكرێت، لەوانە لە عێراق، جیا لەوە میلیشیاكان لایەنگرانیان بۆ هەڵكوتانە سەر باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا هان دەدەن، باڵوێزخانەكە داوا لە ئەمەریكییەكان دەكات بەپەلە عێراق جێبێڵن.
ئەمڕۆ
باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە راگەیاندنێكی تەناهی بۆ ئەمەریكییەكان لە عێراق دەڵێت، حكوومەتی ئەمەریكا گرنگی بە سەلامەتی ئێوە دەدات و رێنوێنیتان دەكات بۆ جێهێشتنی عێراق كە بۆتان رەخسا، یان مانەوەتان لە شوێنی خۆتان لە ماڵ یان لە هوتێل یان هەر شوێنێكی تر تا كاتی دۆخەكە ئارام دەبێت بۆ رۆیشتن، كاری گێرەشێوێنی و ناڕەزایەتی و خۆپێشاندان لە دژی ئەمەریكا هەیە، بەتایبەتی لە باشووری پردی 14ی تەمووز و گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا.
روونی كردەوە، ناڕەزایەتییەكان توندوتیژی بەخۆیانەوە دەبینن و بانگەشەكان بۆ رێكخستنی خۆپێشاندانی زیاتر لە دژی ئەمەریكا لە سەرانسەری عێراق لە زیادبوونە، بۆیە داوا لە هاووڵاتییانی ئەمەریكی دەكەن لەو ناوچانە دوور بكەونەوە، دەسەڵاتدارانی عێراق ناوچەی سەوزیان لە بەغدا داخستووە و لە سایەی ئەو رێوشوێنە توندانەی وەرگیراون روو مەكەنە باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا و كونسوڵگەی گشتیش لە هەولێر.
باڵوێزخانەكە دووپاتی كردەوە كە گەشتە ئاسمانییەكان وەستاون، بەڵام رێگە وشكاوییەكان كراوەن و رەنگە لەهەر كاتێك دابخرێن، لەوانە بەرەو توركیا و ئوردن و كوێت و سعوودیە، رەنگە لە دەروازەكان دواخستن هەبێت و بواری ئاسمانی وڵاتانی تریش دابخرێت، تا ئێستە میلیشیاكان هەڕەشەیەكی گەورەن بۆ سەر ئاسایشی گشتی، بۆیە پێویستە هاووڵاتییانی ئەمەریكی لە عێراق ئاگەداری هەموو پەرەسەندن و جموجۆڵەكان بن لە عێراق و لە ناەوچەكەش.