سوپای ئێران: شەش درۆنی ئیسرائیلیمان تێكشكاندووە

:: PM:09:37:04/03/2026 ‌

پێنجەم رۆژە شەڕی ئاسمانیی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە دژی ئێران بەردەوامە، لەوكاتەی بەرپرسانی ئەمەریكا و ئیسرائیل رای دەگەیەنن كە زیانی گەورەیان بە ئێران گەیاندووە، ئێران دووپاتی دەكاتەوە كە بەرگری لە خۆی دەكات و ئێوارەی ئەمڕۆ دووپاتی كردەوە كە شەش درۆنی ئیسرائیلی تێكشكاندووە و بۆردمانی بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە كوێت و بەحرێن كردووە.

سوپای ئێران لە بەیاننامە ژمارە 11ی رای گەیاند كە لە چەند سەعاتی رابردوو شەش درۆنی جۆری هیرمسی ئیسرائیلیان لە ناوچەكانی ئەسفەهان و كوردستان و تاران تێكشكاندووە، هاوكات هەر ئەمڕۆ لە رێگەی درۆنەوە بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكایان لە كوێت و بەحرێن كردووەتە ئامانج.  

لای خۆیەوە سوپای ئیسرائیل رای گەیاند كە لە چوارچێوەی هێرشەكانیان بۆ سەر ئێران، كۆمەڵگەیەكی گەورەی سەربازییان كردووەتە ئامانج كە بارەگەی سەرەكیی هەموو دەزگە تەناهییەكانی ئێرانی لەخۆ گرتووە، ئەفیغای ئادرعی گوتەبێژ بەناوی سوپای ئیسرائیل لە پۆستێك لە تۆڕی ئێكس نووسیویەتی، كۆمەڵگەكە بارەگەكانی سوپای پاسداران و دەستەی هەواڵگری و باسیج و فەیلەقی قودس و هێزە تایبەتەكانی ئاسایشی ناوخۆ و كاری سیبرانی و پاڵپشتی و رووبەڕووبوونەوەی خۆپێشاندانەكانی سەر بە ئاسیشی ناوخۆی تیادا بووە، كەناڵی 12ی ئیسرائیلش لای خۆیەوە ئاماژەی كرد كە سوپای ئیسرائیل پرۆسەیەكی كوشتنی بەرپرسێكی تری ئێرانی لە تاران ئەنجام داوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل