لە هێرشەكەی بابل سەركردەیەكی گرووپی حزبوڵا كوژراوە

:: PM:10:37:04/03/2026 ‌

هاوكات لەگەڵ شەڕی ئاسمانیی ئێران و ئیسرائیل و ئەمەریكا، كە شەمووی رابردوو دەستی پێ كرد، بەشێك لە میلیشیاكانی عێراق دەستیان بە جموجۆڵ كردووە و بە درۆن و مووشەك بۆردمانی بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا و كونسوڵگەكەی لە هەولێر دەكەن، ئەوەش وای كرد كە ئەمەریكا ئەوان لە چەند ناوچەیەك بكاتە ئامانج، لەوانە ئەمشەو لە پارێزگەی بابل ئۆتۆمبێلێكی ئەوانی كردە ئامانج و سەركردەیەكی كەتیبەكانی حزبوڵای كوشت.

ئێوارەی ئەمڕۆ هاتە راگەیاندن كە درۆنێك ئۆتۆمبێلێكی میلیشیاكانی لە پارێزگای بابل كردووەتە ئامانج و بەو هۆیەوە ئۆتۆمبێلەكە سووتاوە و دوو ئەندامی میلیشیاكانی تیادا كوژراوە، دواتر هاتە راگەیاندن كە یەكێك لەوان ئەبو حەسەن فرێجی سەركردەیەكی كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقییە، كە بارەگەی سەرەكی لە ناوچەی جەرف سەخرە لە بابل. 

بەپێی سەرچاوەیەكی تەناهی ئێوارەی ئەمڕۆ درۆنێك ئۆتۆمبێلێكی جۆری لاندكرۆزەری میلیشیاكانی لە ناوچەی ئەبو لۆكە لە شارەدێی ئەسكەندەرییە لە پارێزگای بابل كردە ئامانج، بەو هۆیەوە دوو كوژراو هەیە و ئاگر لە ئۆتۆمبێلەكە كەوتووەتەوە.

لە چەند رۆژی رابردوو میلیشیاكان بە درۆن و مووشەك هێرشیان كردە سەر بنكە سەربازییەكان و كونسوڵخانەی ئەمەریكا لە هەولێر، ئەوە وای كرد فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا بارەگەی میلیشیاكان لە جەرف سەخر و دیالە و بەغدا و ئەنبار و دەشتی نەینەوا و سەماوە و سەڵاحەدین بۆردمان بكەن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل