"ترەمپ سەبارەت بە بنكە سەربازییەكان قسەی لەگەڵ سەركردەكانی كورد كردووە"

:: PM:10:58:04/03/2026 ‌

پێنج رۆژە شەڕی ئاسمانیی ئێران و ئەمەریكا و ئیسرائیل بەردەوامە، هاوكات بەم دواییە سەرۆكی ئەمەریكا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ چەند سەركردەیەكی كورد كرد لەوانە سەرۆك بارزانی، ئەو پێوەندییانە لێكدانەوەی جیاجیایان دروست كرد، كۆشكی سپی رای گەیاند كە سەرۆك ترەمپ لەبارەی بنكەی سەربازیی ئەمەریكا لە هەرێم قسەی لەگەڵ ئەوان كردووە.

كارۆلین لیفیت سكرتێری رۆژنامەوانیی كۆشكی سپی رای گەیاند، هێرشەكەی دوایی هەڕەشەكانی ئێرانی لە دژی گەلی ئەمەریكا كۆتایی پێ هێنا، ئێمە لەو هێرشەدا دوو هەزار ئامانجمان پێكاوە و سەتان درۆنمان تێكشكاندووە، 49 سەركردەی باڵای ئێرانیمان كوشتووە، لەوان رابەری باڵای ئێران، لەوكاتەی لە ساڵانی رابردوو ئێران چەندان ئەمەریكی لە عێراق و لبنان كوشت.

روونی كردەوە، بۆیە سەرۆك ترەمپ بڕیاری سزادانی ئێرانییەكانی بەهۆی كردەوەكانیان دا، ئامانجی ئەو هێرشەی دواییش لەناوبردنی مووشەك و هێزی دەریاوانی ئێران و رێگرتن لە میلیشیاكانی لە هەڕەشەكردنی ئەمەریكا بوو، جیا لەوە هەڵمەتەكە پێگە ئەتۆمییەكانی ئێرانی وێران كرد، ئێران رەتی كردەوە بە نیازپاكی دانوستان بكات و رێگەی توندوتیژی و وێرانكاری هەڵبژارد، هەموو پێشنیازەكانی ئەمەریكای بۆ یارمەتیدانی بۆ پەرەپێدانی بەرنامەیەكی ئاشتییانەی ئەتۆمی رەت كردەوە، چونكە ئەو دەیویست چەكی ئەتۆمی دروست بكات.

روونی كردەوە، هێزی دەریاوانیی ئەمەریكا دەست بە هاوەڵیكردنی كەشتییەكانی هەڵگری نەوت لە گەرووی هورمز دەكەن، واشنتن رێگە بە ئێران نادات كۆنترۆڵی گەرووەكە بكات، سەبارەت بە پێوەندییە تەلەفۆنییەكەی ترەمپ لەگەڵ سەركردە كوردەكان گوتی، سەرۆك ترەمپ سەبارەت بە بنكەی سەربازییەكەمان لە هەرێمی كوردستان پێوەندی بەوانەوە كردووە، ئێستە هەواڵگریی ئەمەریكا لە نزیكەوە چاودێری دەكەن كە كێ شوێنی عەلی خامنەیی دەگرێتەوە.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل