دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕای گەیاند، پشتیوانی لەوە دەکەن کوردەکان هێرش بکەنە سەر ئێران و ئەگەر ئەو کارە بکەن ئەوە "شتێکی نایاب" دەبێت، لە کاتێکدا بەرپرسانی ئەمەریکا باس لە هێرشی زەوینی هەزاران کورد دەکەن، بەڵام پارتە کوردییەکان ڕەتی دەکەنەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم پێنجی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی "ڕۆیتەرز" ئاشکرای کرد، ئەمەریکا ئێستە کار بۆ لەناوبردنی سوپای ئێران دەکات و ئەوەیشی گوت كە ئەگەر كوردەكان بیانەوێت هێرش بكەنە سەر ئێران و بیانەوێت ئەم كارە بكەن، ئەوا شتێكێ نایاب دەبێت.
ترەمپ گوتی، خراپترین سیناریۆ ئەوەیە وڵاتەکەم لە ئێران بدات و کەسێک دەسەڵات بگرێتە دەست کە وەک کەسەکەی پێشوو خراپ بێت. هەروەها ئاشکرای کردكە ئەمڕۆ لێدانێکی تر بەر سەرکردایەتیی نوێی ئێران کەوتووە و خەڵکێکی زۆر لە ئێران داوای پارێزبەندی دەکەن.
هەواڵە دژبەیەکەکان لەسەر هێرشی زەوینی
بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەرپرسێکی ئەمەریکا ڕای گەیاندبوو، هەزاران شەڕوانی کورد هێرشێکی زەوینییان لە عێراقەوە بۆ سەر خاکی ئێران دەست پێ کردووە. ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" و کەناڵی "فۆکس نیوز"یش لە زاری بەرپرسانی ئەمەریکاوە بڵاویان کردەوە کە گرووپە کوردییەکان هێرشی زەوینییان لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران دەست پێ کردووە.
لە بەرانبەردا، بەرپرسێکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، ئەو هەواڵانەی بە توندی ڕەت کردەوە. بەرپرسەکە رای گەیاندووە ئەو دەنگۆیانەی باس لە جووڵە یان پەڕینەوەی هێزەکانی پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان بۆ ناو ئێران دەکەن، ڕاست نین و تەنیا پڕوپاگەندەن کە هیچ بنەمایەکیان نییە. داواشی کردووە پشت بە سەرچاوەی فەرمی ببەسترێت.
لای خۆیەوە ئاژانسی "تەسنیم"ـی ئێرانی بڵاوی کردووەتەوە، سنووری پارێزگای ئیلام "تەواو پارێزراوە" و بەرپرسێکی ئێرانی دەڵێت، ئەمەریکا و ئیسرائیل دوای شکستیان لە بەدیهێنانی ئامانجە مەیدانییەکان، ئێستە دەیانەوێت بە جەنگی دەروونی ورەی گەلەکەمان بڕووخێنن.