بەهۆی نزیكی و پێوەندییە بەهێزەكانی عێراق و ئێران، هەڵمەتە سەربازییە بەردەوامەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران كاریگەرییەكی گەروەی كردووەتە سەر عێراق، رۆژانە خاكی عێراق لە لایەن میلیشیاكانی سەر بە ئێران و ئەمەریكاوە بۆردمان دەكرێت، ئەوەش وای كردووە حكوومەتی عێراق بۆ هەمووان دووپاتی بكاتەوە كە نایەڵن خاكی عێراق بۆ هێرشكردن بۆ سەر وڵاتانی ناوچەكە بێتە بەكارهێنان.
ئەمڕۆ پێنجشەم
فوئاد حوسێن جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق پێشوازی لە جانیت ئەلبیردا باڵوێزی هۆڵەندا لە بەغدا كرد و باسی چەند پرسێكی گرنگیان كرد، وەك بەیاننامەیەكی وەزارەتی دەرەوەی عێراق باسی كردووە، هەردوو بەرپرس تاوتوێی پەرەسەندنەكانی دۆخی ناوچەكە و كاریگەرییە نەرێنییەكانی لەسەر دۆخی تەناهی و ئابووریی عێراق كرد.
زیاتر گوتی، فوئاد حوسێن باسی پرۆسەی پێكهێنانی حكوومەتی عێراق و بەربەستەكانی بەردەم پرۆسەكە كرد، دووپاتی لەوە كردەوە كە حكوومەتی ئێستەی عێراق پابەندە بە پارێزگاریكردن لە نێردە دیپلۆماسییەكان، رای گەیاند كە نابێت خاكی عێراق لە دژی وڵاتانی ناوچەكە بەكار بهێنرێت، هاوكات هەڵوێستی سەركردە سیاسی و بەرپرسانی حكوومی لە هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە بەوەی رێگە بە هیچ لایەنێك نادرێت بۆ بەكارهێنانی خاكی هەرێم لە دژی وڵاتانی ناوچەكە، لەوانە ئێران.