مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران، لە پەیامێکدا سوپاسی خەڵکی کوردستانی کرد و هاوخەمیی خۆی بۆ قوربانییەکان دەربڕی، هاوکات فەرمانی بە پارێزگار و هێزە چەکدارەکان کردووە ڕووبەڕووی هەر جووڵەیەکی "جوداخوازانە" ببنەوە.
ئەمشەو پێنجشەم پێنجی ئاداری 2026، مەسعوود پزیشکیان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەر) پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا نووسیویەتی، سوپاسگوزاریی خەڵکی بەغیرەت و بەشەرەفی کوردستان دەکەم، کە لەم ڕۆژە مێژووییانەدا لە تەنیشت ئێران وەستاون.
سەرۆکی ئێران لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەش داوە، هاوخەمی خانەوادەی شەهیدان و بریندارانی ئەم ڕووداوانەم.
لە بەشێکی تری تویتەکەدا، پزیشکیان فەرمانێکی دەرکردووە و دەڵێت، پارێزگار و هێزە چەکدارەکانی پارێزەری ئاسایش، ئەرکدار کراون کە بەبڕشتانە و بە توندی مامەڵە لەگەڵ هەر جۆرە جووڵەیەکی جوداخوازانەدا بکەن.