سەرچاوەیەکی تەناهی ئاشکرای کرد، ئێوارەی ئەمڕۆ هێزێکی سوپای عێراق لە ڕۆژهەڵاتی نەینەوا، لەلایەن هێلیکۆپتەرێکی نەناسراوەوە تەقەیان لێ کراوە و ئەوانیش وەڵامی سەرچاوەی تەقەکەیان داوەتەوە.
ئەمشەو پێنجشەم پێنجی ئادار، سەرچاوەیەک بە ئاژانسی شەفەق نیوزی ڕاگەیاند، ئۆتۆمبێلەکانی یەکەیەکی سەر بە فیرقەی 16ی سوپای عێراق، بە مەبەستی دانانی بۆسەی تەناهی لە سنووری ئەرکەکەیان لە نزیک گوندی "تەبرەق زیارە"ی سەر بە شارەدێی بەرتەلە لە شارۆكەی حەمدانییە جووڵەیان کردووە.
سەرچاوەکە ڕوونی کردەوە، لە کاتی جووڵەکردندا، هێزەکە ڕووبەڕووی تەقەکردن بووەتەوە لەلایەن هێلیکۆپتەرێکی نەناسراوەوە، لە بەرانبەردا سەربازەکان بەپێی ڕێکارەکانی پێکدادان، وەڵامی سەرچاوەی تەقەکەیان داوەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، ڕووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێ نەکەوتووەتەوە و لایەنە تەناهییەکان بەدواداچوون بۆ وردەکاریی ڕووداوەکە دەکەن.