ئێران و ئیخوان .. یەك سەنگەر و یەك چارەنووس

:: PM:04:18:06/03/2026 ‌
یەكەم رێكخراوی توندڕەوی ئیسلامی لە ئێران بە كاریگەری ئیخوان دروست بووە
عەلی خامنەیی یەكەم كەس بوو لە ئێران كتێبەكانی سەید قوتبی كردە فارسی
پێوەندی ئیخوان و ئێران هاوسەرگیرییەكی ناتەواوە لە رووی مەزهەبی بەڵام لەرووی بەرژوەندی بەهێزە
 لەرووی ئایدیۆلۆژی سێ‌ خاڵی هاوبەش لە نێوان ئیخوان و ئێران هەیە 
لە دۆسیەی گرتنی ئەمەریكییەكان لە ئێران ئەمەریكا داوای ناوبژیوانی لە ئیخوان كرد

هاوكات لەگەڵ زیادبوونی گوشارەكان بۆ سەر كۆماری ئیسلامی ئێران و دواجاریش هێرشكردنەسەری لە لایەن ئەمەریكاوە و ئیسرائیلەوە، ژمارەی ئەو وڵاتانەیش زیاد دەبێت كە كۆمەڵەی (ئیخوان موسلمین) دەخەنە لیستی تیرۆرەوە. زۆرێك لە توێژەرانیش پێیانوایە ئێران و ئیخوان لە یەك سەنگەرن، ئەگەر كۆماری ئیسلامی لاواز بێت و  بكەوێت، ئەوا كاریگەریشی بۆ سەر ئیخوان دەبێت و ئەویش زەبرێكی توندی بەردەكەوێت. بە پێچەوانەشەوە ئەگەر ئێران بمێنێتەوە،  ئەوا ئیخوانیش  پشتوانییەكی بەهێزی دەبێت، چونكە هەمیشە ئێرانی وەك سەرچاوەیەكی هێزی خۆی سەیر كردووە.

ئێران و ئیخوان پێوەندییەكی بەهێز بەڵام سەیر!

بە هۆی ئەوەی پێوەندییەكی دوور و درێژ لە نێوان ئێران و ئیخوان هەیە، لە رووی ئایدیۆلۆژی و سیاسییەوە، ئەوا لە ساڵانی رابردوویشدا ژمارەیەكی زۆر توێژینەوە لەسەر ئەو  پێوەندییە نووسراوە، كە لەم راپۆرتەدەكدا پوختەیەكی زۆر كورت دەخرێتەڕوو. سەرەڕای ئەمەیش چەندان كتێب لەسەر ئەم پێوەندییە نوسراوە، هەندێك لە توێژینەوە و كتێبەكان بە گشتی سەیری پێوەندییەكە دەكەن واتە "پێوەندی كۆماری ئیسلامی و تەواوی ئیخوان" هەندێكی تریش بە جیاجیا وەك "پێوەندی ئێران بە حەماس"، "پێوەندی ئێران بە ئیخوان لە میسر و سوودان"، " پێوەندی ئیخوانەكانی سووریا لەگەڵ ئێران". سەرەڕای بەهێزبوونی ئەو پێوەندییە، هاوكات بە "پێوەندییەكی نامۆ"یش وەسف دەكرێت. ئەمەیش بە چەند هۆكارێك یەكەم: جیاوازی مەزەوی، كۆماری ئیسلامی پێڕەوی شیعەیە و ئیخوان سوننەیە، دووەم جیاوازی كولتووری یەكەمیان لە كولتووری فارسی و ئێرانییە، دووەمیان عەرەبی و میسرییە. خاڵی سێیەمیش پێوەندی بە كاریگەربوون هەیە، چونكە دیاردەی "هەڵگەڕانەوەی كاریگەربوون" بەدی دەكرێت. لەسەرەتادا دامەزرێنەرانی كۆماری ئیسلامی بەر لە كودەتاكەیان كاریگەر دەبن بە هزری ئیخوان، كەچی دواتر ئیخوانەكان كاریگەر دەبن بە ئایدیۆلۆژیای كۆماری ئیسلامی ئێران.

مێژووییە پێوەندییەكە.. خامنەیی وەك وەرگێری سەید قوتب

بەگوێرەی توێژینەوەكان پێوەندی نێوان ئیخوان موسلمین و كۆماری ئیسلامی ئێران، بۆ مێژووییەكەی دوور دەگەڕێتەوە، بە دەیان ساڵ پێش دامەزراندنی كۆماری ئیسلامی بووە كە لە ساڵی 1979 بوو. سەرچاوە مێژووییەكان باس لەوە دەكەن لە قۆناغی یەكەمی پێوەندییەكە پیاوانی ئاینی رادیكاڵ ئەوانەی دژی رژێمی شا بوون، كاریگەر بوون بە هزری ئیخوان. سەرچاوە مێژووییەكان دەیسەلمێنن یەكەم كۆمەڵەی توندڕەوی شیعە لە ئێران بە كاریگەری هزری ئیخوانەكان دامەزراوە و ئەوەیش لە ساڵی 1948 بوو. چیرۆكی ئەو پێوەندییەیش بۆ "موجتەبای میرلوحی" دەگەڕێتەوە.

موجتەبا كە بە "نواب سەفەوی" ناسراوە پیاوێكی ئاینی شیعە بوو، زۆر گەنج بووە، لە ساڵی 1948 سەفەوی كۆمەڵەیەكی توندڕەوی دانا بە ناوی "فیدائییەكانی ئیسلام" ئەو پیاوە و رێكخراوەكەی بە خاڵی وەرچەرخان دادەنرێن لە مێژووی شیعەی ئێران، چونكە بیركردنەوەی شیعەیەكی ئاسایی "تەقلیدی" دەگۆڕێت بۆ "شیعەیەكی جیهادی توندڕەو" یان "ئیسلامی سیاسی". لەسەرەتای  پەنجاكانی سەدەی رابردوو نواب سەفەوی سەردانی میسری كردووە و لە نزیكەوە سەید قوتبی بینیوە، كە بە یەكێك لە بیرمەندەكانی ئیخوان دادەنرێت. بەگوێرەی راپۆرتێكی ماڵپەڕی "حەفریات" ئەو كاتەی سەفەوی سەردانی میسر دەكات، لەلایەن ئیخوانەكان پێشوازییەكی گەرمی لێ دەكرێت و تەنانەت یاوەری دەكەن بۆ ئەوە مەزارەكانی شیعە لە میسر بەسەر بكاتەوە و دەرفەتی پێ دەدەن بۆ ئەوەی لە یەكێك لە زانكۆكانی میسر وتار پێشكەش بكات. گرووپەكەی سەفەوی لە ئێران چەندان كردەی تیرۆریستیان كردووە، دواتریش هەر لەبەر ئەو تاوانانە سەفەوی لەلایەن ئێرانەوە لەسیدارە درا. بەگوێرەی راپۆرتێكی كەناڵی جەزیرە گرووپەی سەفەوی لە كوشتنی بەرپرسانی ئەو كاتی ئێران بە شێوازی تیرۆرەكانی میسر كاریگەربوون و لاسایی ئەوانیان كردووەتەوە.

ئەم مێژووە كورتەی نواب سەفەوی و ئیخوانەكان دەری دەردەخات، ئیخوان كاریگەری لەسەر داڕشتنی هێڵە گشتییەكانی ئیسلامی سیاسی شیعە هەبووە، دواتریش ئەو كاریگەرییە بەسەر خومەینی و خامنەیی هەبووە، ئەو كاتەی  خومەینی لە پاریس بووە بەر لە شۆڕش پێوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ ئیخوان هەبووە، هەر بەر لە شۆڕشی ئیسلامی ئێران، عەلی خامنەیی دوو كتێبی سەید قوتبی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی.

كاتێكیش كۆماری ئیسلامی ئێران دادەمەزرێت ئیخوان موسلمین یەكەم رێكخراو دەبێت كە شاندێكی هاوبەش و پێكهاتوو لە نوێنەرانی ئیخوان لە میسر، پاكستان، ئوردن، لبنان، ئەندونیسا، رەوانەی تاران دەكات، تەنانەت "سكای نیوز" دەڵێ‌، "ئیخوان ئەمەی بە سەركەوتنی ئیسلامییەكان دەزانی كە سنووری كۆماری ئێران تێپەڕ دەكات و بە ناوچە عەرەبییەكان دەگات".

بەگوێرەی چەندان سەرچاوە لە دۆسیەی بارمتە ئەمەریكییەكان لە 1980 ئەمەریكا داوای ناوبژیوانی لە ئەمینداری گشتی ئیخوان لە میسر كردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەمینداری گشتی ئیخوان داوای كردووە خودی سەرۆكی ئەمەریكا ئەو داوایەی لێ بكات، ئەمەریكا بابەتەكەی فەرامۆش كردووە. ئەمەیش خاڵێكە بەهێزی پێوەندی ئیخوان و ئێران دەخاتەڕوو. 

 خاڵە هاوبەشەكانی نێوان ئێران و ئیخوان 

هانی نەسیرە توێژینەوەیەكی بڵاوكردووەتەوە بە ناونیشانی، "ئێران و ئیخوان موسلمین: خاڵی هاوبەشی ئایدیۆلۆژی و پێوەندی مێژوویی" لەو توێژینەوەیەدا چەند خاڵێك دیاری دەكات كە لەنێوان ئیخوان و ئێران هاوبەشن، سەرەڕای جیاوازی تایفەگەری نێوانیان. خاڵە هاوبەشەكان ئەمانەن: یەكێتی یان یەكگرتنی موسڵمانان، دامەزراندنی دەسەڵاتێكی ئیسلامی واتە ئیسلام سەرچاوەی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی دەوڵەت بێت، خواستی فراوانخوازی دەسەڵاتەكە گەشە بكات و لە ناوچەیەك قەتیس نەبێت. 

لە راپۆرتێكی سكای نیوز باس لە جیاوازی مەزەوی نێوان ئێران و ئیخوان كراوە، بەڵام راپۆرتەكە لە خاڵە هاوبەشەكاندا سكای نیوز دوو پانتایی لەیەكتر جیا دەكاتەوە، پانتایی ئایدیۆلۆژی و پاتناتیی پراگماتی "بەرژوەندیخوازی" سكای نیوز پێیوایە پێوەندی نێوان ئێران و ئیخوان هاوشێوەی زەواجێكە لەڕووی ئایدیۆلۆژی ناتەواو "مەرجەكانی تەواو نییە" بەڵام لەڕووی پراگماتییەوە بەهێزە. سكای نیوز بەم شێوەیە باسی پێوەندی ئیخوان و ئێران دەكات: چەند خاڵێكی هاوبەش لە ئیسلامی سیاسی، دژایەتی رۆژئاوا و ئیسرائیل، رەتكردنەوەی سیستەمی نێودەوڵەتی كە لەسەر دەوڵەتی نەتەوەیی وەستاوە. چەند راپۆرتێكی تر باس لە خاڵێكی تر دەكەن ئەویش بوونی دوژمنی هاوبەشە "ئیمارات- سعوودیە" كە نوێنەرایەتی جۆرێكی تری سوننە دەكەن.

بەرژوەندییەكانی ئێران بەسەر ئیخوان زاڵ دەبێت

ئەگەرچی لە ماوەی 45 ساڵی رابردوودا ئێران و ئیخوان بەردەوام پێوەندییان هەبووە، بەڵام لە زۆر كاتدا ئێران خواستەكانی ئیخوانی فەرامۆش كردووە و بەرژوەندی خۆی سەپاندووە. ئێران لە زۆر شوێن هاوكاری ئیخوانەكانی كردووە، لەوانە میسر و سوودان و حەماس لە فەڵەستین، بەڵام لە زۆر شوێنیش پشتی تێكردوون، لەوانە لە سووریا لە هەشتەكان كاتێك سەدام پشتیوانی ئیخوانەكانی ئەو وڵاتەی دەكرد، لە دژی دەسەڵاتی حافز ئەسەد، ئیران هاوكاری ئەسەدی كرد بۆ سەركوتكردنی ئیخوانەكان. جارێكی تریش لە 2011 ئێران چووە پاڵ رژێمی بەشار ئەسەد و لە دژی تەواوی گرووپە ئیسلامییەكانی سووریا. 

دواجار ئیخوان و ئێران لە یەك سەنگەرن

كاتێك لە 28ی مانگی رابردوو ئیسرائیل و ئەمەریكا هێرشیان كردە سەر ئێران، لقەكانی ئیخوان لە ئەوروپا و سوودان و چەند شوێنێكی تر پشتیوانی خۆیان بۆ ئێران راگەیاند. كاتێكیش ئێران هێرشی كردە سەر وڵاتانی كەنداو، بە تایبەتی قەتەر، كە ئەویش بە پشتیوانێكی ئیخوانەكان دادەنرێت، ئیخوانەكان بێدەنگ بوون. توێژەران و سیاسەتمەدارانیش دووپاتی دەكەنەوە، بە تێڕوانینی لەو پێوەندییە مێژووییە و تێكەڵییە ئایدیۆلۆژییەی لەنێوان ئەم دووانە هەیە، ئەو هەڵوێستەی ئیخوان نامۆ نییە و هەر ئەوەی لێ چاوەڕوان دەكرێت.

ماڵپەڕی "عەین" كە ماڵپەڕێكی ئیماراتییە دەڵێ‌، "ئەم پشتیوانییەی ئیخوان لە ئێران نامۆ نییە، هەمیشە ئەو گرووپە لە دژی بەرژوەندی عەرەبی وەستاوەتەوە و لەگەڵ ئەو هێزانە هاوپەیمانی كردووە كە دەیانەوێ‌ سەقامگیری ناوچەكە تێكبدەن، چاودێران پێیانوایە بەم دواییە پێوەندی نێوان ئیخوان و ئێران چووەتە قۆناغێكی نوێیەوە، بەناونیشانی هاوئاهەنگی و پشتیوانی هاوبەشی بۆ بەرژوەندییە تایبەتەكانیان".
هەمان ماڵپەڕ ئاماژە بۆ ئەوە دەكات دوای شكستی بەرەی مقاوەمەی ئێرانی لە ناوچەكە ئیخوان دەردەكەوێتەوە، ماڵپەڕی عەین دەڵێ‌، "هاوئاهەنگییەكە رێكوپێكتر بووە كاتێ میحوەری ئێرانی پاشەكشەی كردووە، لەو كاتەدا ئیخوان دەردەكەوێتەوە وەك هاوپەیمانێكی كۆن و نوێی ئێران، بە راشكاوی پشتوینای بۆ میحوەرە كەوتووەكە رادەگەینێت".

سەرچاوەكان:




وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل