لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا، مەسروور بارزانی و شای بەحرەین تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەیان کرد و نیگەرانیی قووڵی خۆیان لە پەرەسەندنی شەڕ و ئاڵۆزییەکان دەربڕی.
ئەمڕۆ هەینی 6ی ئادار، لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حەمەد بن عیسا ئال خەلیفە، شای بەحرەین، گفتوگۆیان لەبارەی دۆخی گشتیی ناوچەکە کرد.
لە گفتوگۆکەدا، بەتایبەتی باس لە رەوشی شانشینی بەحرەین، عێراق و هەرێمی کوردستان کرا، هەروەها هەڵسەنگاندن بۆ دوایین پێشهاتەکانی شەڕ و ئاڵۆزییەکان کرا و هەردوولا نیگەرانیی قووڵی خۆیان لە پەرەسەندنی هێرش، شەڕ و گرژییەکان لە ناوچەکەدا دەربڕی.
لە بەشێکی دیکەی پێوەندییەکەدا، هەردوولا دووپاتیان لە پێویستیی پەرەپێدانی هاوکاری و هاوئاهەنگیی نێوان هەردوولا کردەوە، ئەوەیش بە ئامانجی پاراستنی ئاشتی، ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.