گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران، وەڵامی لێدوانەکانی کۆشکی سپی دایەوە سەبارەت بە پاراستنی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز و ڕای گەیاند، پێشوازی لە هاتنی هێزەکانی ئەمەریکا دەکەن، بەڵام با بیر لە ڕووداوەکانی ڕابردوو بکەنەوە.
ئەمڕۆ شەموو حەوتی ئاداری 2026، عەمید عەلی محەمەد نائینی گوتەبێژی سوپای پاسداران، لە لێدوانێکدا بۆ تەلەفزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی ڕای گەیاند، تاران بە توندی پێشوازی لە بیرۆکەی یاوەریکردنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان و بانگەشەی بوونی هێزەکانی ئەمەریکا دەکات بۆ پاراستنی پەڕینەوەیان لە گەرووی هورمز.
نائینی بە شێوەیەکی گاڵتەئامێز و هەڕەشەئامێز گوتی، ئێران بەکردەیی چاوەڕوانی هاتنی ئەو هێزانەیە.
لە هۆشدارییەکی ناڕاستەوخۆدا، گوتەبێژەکەی پاسداران ئامۆژگاریی بەرپرسانی ئەمەریکای کرد پێش هەر بڕیارێک پێداچوونەوە بە ئەزموونەکانی ڕابردوودا بکەن، بە دیاریکراوی ئاماژەی بە ڕووداوی سووتانی کەشتیی زەبەلاحی نەوتهەڵگری ئەمەریکی (بریجتۆن) کرد لە ساڵی 1987 لە کاتی "جەنگی کەشتییەکان" لە کەنداو.
هەروەها نائینی باسی لە ڕووداوەکانی بەئامانجگرتنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان کرد لەم دواییەدا، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو مەترسییانەی ڕووبەڕووی کەشتییەکان دەبنەوە ئەگەر گرژییەکان لە ناوچەکە پەرە بسێنن.