پەروەردەی عێراق شوێنگرەوەیەكی تر بۆ تەواوكردنی ساڵی خوێندن تاوتوێ‌ دەكات

:: PM:03:59:07/03/2026 ‌
وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی عێراق رای گەیاند، تەواوبوونی ساڵی خوێندنی ئێستە پێوەستە بە دۆخی  تەناهییەوە، بۆیە پێداچوونەوەی بە پلانی ساڵنامەی خوێندن دەكەن. 

ئەمڕۆ شەموو حەوتی ئادار، كەریم سەید گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ڕای گەیاندووە، كۆبوونەوەیەك لە نووسینگەی سەرۆك وەزیران ئەنجامدراوە، لە كۆبوونەوەكەدا باس لە هەڵسەنگاندنێك بۆ دۆخی ئێستەی وڵات كراوە، پێداچوونەوە بە پلانە پەروەردەییەكان كراوە بۆ تەواوكردنی ماوەی ساڵی خوێندن.

روونیشی كردەوە كە ژوورێكی ئۆپەراسیۆنی وەزاری بۆ چاودێریكردنی بەردەوامی پێشهاتەكان و زانیارییەكان پێكهێنراوە.

دووپاتی لە گرنگی جێبەجێكردنی ڕێوشوێنەكانی پاراستنی گیانی خوێندكاران و ستافی مامۆستایان كردەوە. داوای لە ئیدارەی قوتابخانەكان كرد كە دڵنیابن لە بەردەوامییەكی بێ كێشە و خوێندن لە ناوچە سەقامگیرەكاندا، بڕیاری گونجاو بدەن لەسەر بنەمای رەوشی تەناهیی، هەروەها ئامادەبن بۆ جێبەجێكردنی پلانی تری پەروەردەیی بۆ شوێنگرەوەی تەواوكردنی پڕۆگرامی خوێندنی ئەمساڵ.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم