ئەندامێکی ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەری ڕای گەیاند، ئەگەری هەیە لە ماوەی 24 سەعاتی داهاتوودا ئەنجوومەنەکە کۆ ببێتەوە بۆ ڕاوێژ و دیاریکردنی ڕێبەری نوێی ئێران، هاوکات داوا دەکات گوێ بە دەنگۆکان نەدرێت.
ئەمڕۆ شەموو حەوتی ئاداری 2026، ئایەتوڵا موزەفەری ئەندامی ئەنجوومەنی شارەزایان، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی "فارس"ـی نزیک لە سوپای پاسداران، ئاشکرای کرد، ئەندامانی ئەنجوومەن چاوەڕێی ڕەخساندنی دۆخی گونجاون بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی فەرمی، تا تێیدا ڕاوێژ لەسەر دیاریکردنی جێگرەوەی ڕێبەری کۆچکردوو (عەلی خامنەیی) بکەن.
موزەفەری دووپاتی کردەوە کە ئەم هەنگاوە "بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی و چارەنووسسازە" لە ئەستۆی ئەندامانی ئەنجوومەن.
ئەو ئەندامە ئاماژەی بەوە داوە، تا ئێستە ئەنجوومەن هیچ کۆبوونەوەیەکی گشتیی لەوبارەیەوە نەکردووە و هیچ بڕیارێکی فەرمی نەدراوە، داواشی لە میدیاکان و خەڵک کرد خۆیان لە بڵاوکردنەوەی دەنگۆ و پێشبینییەکان سەبارەت بە پرۆسەی دیاریکردنی ڕێبەری نوێ بەدوور بگرن.
لە کۆتاییدا هیوای خواست بەمزووانە کۆبوونەوەکە بکرێت و کەسایەتیی "هەرە بەتوانا و شایستە" بۆ پۆستەکە دیاری بکرێت و وەک ڕێبەری نوێی کۆماری ئیسلامی بناسێنرێت.