پەرلەمانی عێراق دۆخی ناوچەكە تاوتوێ دەكات

:: PM:10:31:07/03/2026 ‌

وەك بڕیار بوو ئێوارەی ئەمڕۆ شەموو پەرلەمانی عێراق دانیشتنێكی نهێنی، واتە دوور لە چاوی كامێراكان، بە ئامادەبوونی ژمارەیەك فەرماندەی تەناهی ساز كرد و تیایدا باسی دۆخی ناوچەكە و كاریگەرییەكانی لەسەر عێراق دەكرێت.

دانیشتنەكەی ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق بە سەرۆكایەتیی هەیبەت حەلبووسی و بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە فەرماندە تەناهییەكانی عێراق بەڕێوە دەچێت، نیسابی دانیشتنەكە تەواو بووە و تیایدا تاوتوێی چەند پرسێكی گرنگ پێوەست بە پەرەسەندنەكانی رۆژڵاتی ناوەڕاست و دۆخی عێراق و ئاڵنگارییە تەناهییەكان لە عێراق و ناوچەكە دەكرێت.

ئەمە و سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق بەر لە دانیشتنەكەی ئێوارەی ئەمڕۆ، كۆبوونەوەیەكی فرەوانی لەگەڵ سەرۆك لیستەكانی پەرلەمان بۆ باسكردنی هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و پەرەسەندنەكانی ناوچەكە و كاریگەرییان لەسەر عێراق ساز كرد.  

شایەنی باسە ئەو دۆخەی ئێستە لە ناوچەكە بەهۆی شەڕی ئاسمانیی ئێران و ئەمەریكا و ئیسرائیل دروست بووە، كاریگەری لە تەواوی ناوچەكە كردووە، بەتایبەتی لەسەر عێراق، كە جیا لە رووە ئابووری و سیاسییەكەی، كاریگەریی خستووەتە سەر دۆخی تەناهی ئەو وڵاتە و رۆژانە بۆردمان لە ناوچە جیاجیاكانی عێراق هەیە، لەوانە بۆردمانی میلیشیاكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان، ئەوەش بە پێشێلكردنی سەروەریی عێراق دادەنرێت.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل