جەرف سەخر دەكرێتە ئامانج

:: PM:10:45:07/03/2026 ‌

ئەمڕۆش پەرەسەندنە تەناهییەكان لە عێراق بە كاریگەریی دۆخی ناوچەكە و هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران درێژەی هەبوو و زیاتر بوون، ئێوارەی ئەمڕۆ چەند بارەگەیەكی لیواكانی حەشدی شەعبی لە ئەنبار و نەینەوا كرانە ئامانج، دوای ئەوە لە بەغدا چەند مووشەكێك ئاراستەی باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە ناوچەی سەوز كرا، ئەمشەویش بارەگەی میلیشیاكان لە جەرف سەخر هاتە بۆردمانكردن.

لەوەتەی شەڕی ئاسمانیی ئێران لە شەمووی رابردوو دەستی پێ كردووە ناوچەی جەرف سەخر لە پارێزگای بابل چەند جارێكە دەبێتە ئامانجی درۆن و فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا، بەپێی سەرچاوەیەكی تەناهی ئێوارەی ئەمڕۆ شەموو جارێكی تر ناوچەی جەرف سەخر لە باكوری پارێزگای بابل كرایەوە ئامانج، كە ناوچەیەكی چۆڵكراوە و بارەگە و سەبازگە و جبەخانەی میلیشیا نزیكەكانی لە ئێرانی لەخۆ گرتووە.

بەپێی سەرچاوەكە تا ئێستە سروشتی بۆردمانەكە نەزانراوە، واتە بە درۆن یان مووشەك كراوەتە ئامانج، بەڵام دەنگی تەقینەوە بیستراوە و دووكەڵ لە ناوچەكە بەرز بووەتەوە، ئەگەرچی تا ئێستە زیانەكان دیار نین.

شایەنی باسە ئەوە هەشتەم جارە ناوچەی جەرف سەخر لە پارێزگای بابل دەكرێتە ئامانج، ئەوە دوای دەست پێكردنی هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران كە لە 28ی شوباتی رابردوو دەستی پێ كرد و بەردەوامە و ئەمڕۆ پێی نایە ناو هەشتە م رۆژیەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل