میدیای ئیسرائیل ئاشکرای کرد، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی ئەو وڵاتە خودی خۆی و بە فڕۆکەی جەنگی، بەشداریی لە بۆردمانکردنی ئێراندا کردووە.
ئەمڕۆ شەموو حەوتی ئادار، ڕۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت"ی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە، جەنەڕاڵ تۆمەر بار فەرماندەی هێزی ئاسمانی، فڕۆکەیەکی جەنگیی جۆری (F-15)ی لێخوڕیوە و بەشداریی لەو هێرشە ئاسمانییانەدا کردووە کە نیوەڕۆی دوێنێ کرانە سەر ناوچەکانی ڕۆژئاوای ئێران.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بە وردەکاریی زیاتر لەسەر سروشتی ئامانجەکان و قەبارەی زیانەکان نەداوە.
ئەم هەنگاوەی فەرماندە باڵاکە لە کاتێکدایە حكوومەتی ئیسرائیل ڕووبەڕووی ڕەخنەی ناوخۆیی توند بووەتەوە، بەهۆی ئەوەی بەرپرسان و ماڵباتەکانیان تۆمەتبار دەکرێن بەوەی ساڵانێکە جەنگ بەڕێوە دەبەن بەبێ ئەوەی خۆیان یان منداڵەکانیان بەشداریی ڕاستەوخۆ بکەن.