شەڕی ئێران دەچێتە قۆناغێكی مەترسیدار

:: PM:07:36:08/03/2026 ‌

ئەمڕۆ شەڕی ئێران چووە ناو نۆیەم رۆژیەوە، كە سەرەتای هەفتەی رابردوو بە هێرشێكی كتوپڕی ئاسمانیی ئەمەركیا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستی پێ كرد و هێشتا بەردەوامە، شارەزایان پێشبینی دەكەن شەڕەكە درێژە بكێشێت و فرەوانتر و بەهێزتر بێت، بەتایبەتی لە دووەم قۆناغیدا كە مەترسیدارترە، ئێران زیاتر پشت بە درۆن ببەستێت و هێرشە مووشەكییەكانی كەمتر بكاتەوە.

توێژەران پێیان وایە دووەم قۆناغی شەڕەكە لە بەكارهێنانی مووشەكەوە بۆ پشتبەستن بە درۆنەكان دەگۆڕێت، چونكە خەرجییەكانیان كەمترە، ئەوان پێیان وایە ئەو قۆناغە نوێیە مەترسیدارترە لەوەی ئێستە، چونكە دەبێتە هۆی بەردەوامبوونی شەڕ و بۆردمانەكان بۆ ماوەیەكی درێژتر، هاوكات رەنگە ببێتە هۆی زیاتربوونی گوشارەكان لەسەر ژێرخانەكانی وزە و فڕۆكەخانە و بەندەرەكان.  

شارەزایان وریاییان لەوەش دا رەنگە ئەگەر لایەنی تر بێنە ناو شەڕەكەوە، بازنەی جوگرافیی شەڕ  فرەوانتر بێت، بەتایبەتی دوای ناڕەزایەتی و سەركۆنەكردنی توركیا و ئازەربایجان بەرانبەر بە هێرشە درۆنییەكانی ئێران، پێشبینییان كرد ئێران بە تێپەڕبوونی كات بۆردمانە مووشەكییەكانی كەمتر بكاتەوە، بەتایبەتی دوای هێرشەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر سەكۆی هەڵدانی مووشەكەكان، ئەو زیاتر پشت بە درۆن ببەستێت كە تێچووی كەمترە و هەڵدانی ئاسانترە و توانای سەرقاڵكردن و ماندووكردنی سیستمە بەرگرییەكانی زیاترە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل