كوێت: لە خاكی عێراقەوە هێرشمان كراوەتە سەر

:: PM:05:38:09/03/2026 ‌

لە دوای دەست پێكردنی هەڵمەتە سەربازییە ئاسمانییە هاوبەشەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ئێران و میلیشیاكانی دەستیان كرد بە بۆردمانكردنی مووشەكی و درۆنی بنكەی سەربازی و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە وڵاتانی ناوچەكە، بەتایبەتی لە كەنداوی عەرەبی و هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ باڵوێزی كوێت لە عێراق رای گەیاند كە لە خاكی عێراقەوە هێرش كراوەتە سەر وڵاتەكەی.

بەپێی بەیاننامەیەكی نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، محەمەد حوسێن بەحر علووم بریكاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ كاروباری پێوەندییەكان پێشوازی لە محەمەد حەسەن زەمان باڵوێزی كوێت لە عێراق كرد، باڵوێزی كوێت دووپاتی كردەوە كە لە خاكی عێراقەوە هێرش كراوەتە سەر وڵاتەكەی و پێویستە حكوومەتی عێراق سنوورێك بۆ ئەو هێرشانە دابنێت. 

لە دیدارەكە باسی پەرەسەندنەكانی دوایی دۆخی ناوچەكە و رەنگدانەوەی لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە كرا، باڵوێزی كوێت باسی دووچاربوونی وڵاتەكەی بۆ هێرشەكانی ئێران كرد، زانیاری لەبارەی چەند هێرشێك دا بەوەی لە خاكی عێراقەوە بۆردمان كراون، بۆیە داوای لە حكوومەتی عێراق كرد سنوورێك بۆ ئەو كارە دابنێت بۆ پاراستنی پێوەندییە برایانەكەی هەردوو وڵاتی دراوسێ. 

لای خۆیەوە بریكاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق دووپاتی كردەوە كە حكوومەتی عێراق هەموو هەوڵێك دەدات بۆ دوورخستنەوەی عێراق لە كاریگەرییەكانی ئەو شەڕە و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات لە بەرانبەر ئەو هێرشانەی بە هاوشێوەی وڵاتانی ناوچەكە دەكرێتە سەر عێراق.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل