هاوكات لەگەڵ بەردەوامی هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە دژی ئێران، بۆردمانی ئێران بۆ بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا و بنكەی سەربازییەكانی لە وڵاتانی ناوچەكە بەردەوامە، بەهۆی هەڕەمەكیی بۆردمانەكانی ئێران تا ئێستە چەندان شوێنی مەدەنی لەو وڵاتانە كراونەتە ئامانج، سوپای ئەمەریكا رای گەیاند لە بەحرێن بەهۆی بۆردمانێكی ئێران 32 كەس بریندار بوونە.
ئەمڕۆ دووشەم فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریكا لە
بەیاننامەیەك رای گەیاند، بەهۆی بۆردمانی درۆنێكی ئێران بۆ گەڕەكێكی بەحرێن، 32 هاووڵاتی بریندار بوون، دووپاتی كردەوە كە میدیاكانی رووسیا و ئێران باسی ئەوەیان كرد كە مووشەكێكی جۆری پاتریۆتی ئەمەریكی لە كاتی بەرپەرچدانەوەی مووشەك یان درۆنێكی ئێرانی، هەڵەی كردووە و لە گەڕەكێكی بەحرێن كەوتووەتە خوارەوە و ئەوەش راست نییە.
فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە كە ئەوەی رووی داوە، وەك حكوومەتی بەحرێن باسی كردووە، درۆنێكی ئێرانی گەڕەكێكی لە بەحرێن بۆردمان كردووە و بەو هۆیەوە 32 هاووڵاتیی بریندار بوونە، لەوانە منداڵ، ئەوان پێویستییان بە چارەسەری بووە.
شایەنی باسە هاوكات لەگەڵ هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ئێران دەستی كرد بە بۆردمانكردنی بنكە سەربازی و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە، وڵاتانی كەنداو ئاماژە دەكەن كە بۆردمانەكانی ئێران هەڕەمەكین و چەندان ئامانجی مەدەنی و فڕۆكەخانە و ستراتیجییان لەو وڵاتانە كردووەتە ئامانج، ئەوەش كار لە پێوەندییەكانی هەردوولا لە داهاتوو دەكات.