سوپای پاسداران: ئەم هەفتەی شەڕ مەترسیدارترینە

:: PM:08:15:09/03/2026 ‌

هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران چووە ناو دووەم هەفتە و هێرش و بۆردمانەكان بەردەوامن، ئێران بۆ سووككردنی هێرشەكانی سەری پەنای بۆ چەند ئامرازێك بردووە لەوانە هاتنی حزبوڵای لبنانی و میلیشیاكانی عێراق بۆ ناو شەڕەكە و ئەگەر هەیە حوسییەكانیش دەست بە هێرشكردن بكەن، جیا لە داخستنی گەرووی هورمز و ئەو بۆردمانەی وڵاتانی ناوچە دەكەنە ئامانج، بەرپرسێكی سوپای پاسداران دەڵێت ئەم هەفتەی شەڕ مەترسیدارترینە.

جەنەراڵ محەمەد ئەكبەرزادە جێگری بەرپرسی كاروباری سیاسی لە هێزی دەریاوانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران رای گەیاند، خەمڵاندنە مەیدانییەكان ئاماژە دەكەن كە دووەم هەفتەی شەڕەكە گرنگترین قۆناغی رووبەڕووبوونەوە دەبێت، ئەگەر ئێران بتوانێت پارێزگاری لەو ئاستە بكات كە هەفتەی رابردوو پێشانی دا، ئەگەری هەیە ئەمەریكا دەستپێشخەری بۆ ئاگربەست و كۆتاهاتنی شەڕ بكات.

روونی كردەوە، چەند هۆكارێك بوونە هۆی گۆڕانی هاوسەنگی هێز لە شەڕەكە، لەوانە وەستانی هاتوچۆی دەریاوانی لە رێگەی گەرووی هورمز كە بووە هۆی پەرەسەندنی تەنگژەی وزە لە دنیا و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و كاڵاكان، ئەوەش گوشاری گەورە دەخاتە سەر ئابووریی دنیا، جیا لە هێزی هێرشەكانی ئێران و وردییان كە دوژمنی شۆك كردووە، جیا لە پاڵپشتیی گەورەی جەماوەری لە ناوخۆی ئێران، ئەویش رۆڵی گەورەی لە پێشاندانی بەهێزیی بەرەی ناوخۆیی هەبوو، ئەوانە توانای واشنتن و تەلئەبیبیان بۆ سەپاندنی دەستپێشخەری و گۆڕینی رێڕەوی شەڕ لاواز كرد.

ئەو بەرپرسەی سوپای پاسداران دووپاتی كردەوە كە رەنگە قۆناغی داهاتوو جموجۆڵی سیاسی و دیپلۆماسی لەخۆ بگرێت بۆ وەستانی شەڕ، كاتێك چەند هێزێكی نێودەوڵەتی هەوڵی پێوەندیكردن بە تاران دەدەن بۆ رێگرتن لە فرەوانبوونی شەڕ و بوونی بە شەڕێكی سەرانسەری لە ناوچەكە، بۆیە بڕیارەكانی ئێران لە قۆناغی داهاتوو یەكلاكەرەوەن بۆ دیاریكردنی داهاتووی پەرەسەندنەكان لە ناوچەكە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل