دوێنێ نووسراوێك لە میدیاكان بڵاو كرایەوە بەناوی فەتەوایەكی نووسینگەی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای نەجەف لەبارەی پێویستیی بەشداریكردن لە گردبوونەوە جەماوەرییەكان بۆ پاڵپشتیكردنی لە ئێران لەو شەڕەی لە ناوچەكە هەیە، كە لە سەرەتای هەفتەی رابردووەوە هێرش دەكرێتە سەر ئێران، بەهۆی ناڕوونیی نووسراوەكە مشتومڕێكی زۆری دروست كرد، دواتر راستی نووسراوەكە روون كرایەوە، كە پێوەندی بە ناوخۆی ئێرانەوە هەیە نەك عێراق.
مامۆستایەك لە حەوزەی زانستیی نەجەف سەبارەت بەو راپرسی و نووسراوە دەڵێت، ئەو فەتوایەی باسی دەكرێت لە نووسینگەی مەرجەعی باڵا لە نەجەف دەرنەچووە، بەڵكو لە نووسینگەكەی لە مەشهەد لە ئێران دەرچووە و وەڵامی پرسیاری كەسێك دراوەتەوە كە لە ئێران دەژی، باسی بەشداریكردن لە گردبوونەوە جەماوەرییەكانی ئەوێ دەكات.
ئەو پیاوە ئاینییە نزیكە لە سیستانی روونی كردەوە، پرسیارەكە لەبارەی پێویستیی ئامادەبوون و بەشداریكردنە لە گردبوونەوە جەماوەرییەكان لە ئێران لە سایەی ئەو دۆخە نالەبار و هەستیارەی هەیە، واتە بابەتەكە تایبەتە بە ئێرانییەكان و بۆ خەڵكی تر نییە، وەڵامی نووسینگەكە پێوەندی بە دۆخی ئێرانەوە هەیە و رێنوێنیی گشتی نییە و لایەنگرانی مەرجعیەتەكە لە دەرەوەی ئێران ناگرێتەوە.
سەبارەت بە هۆكاری بڵاوبوونەوەی نووسراوەكە لە عێراق، ئەو مامۆستایە گوتی، ئەوە بۆ دوو هۆكار دەگەڕێتەوە، نەزانی بە سرشتی فەتوا ئاینییەكان، یان هەوڵدان بۆ سوودوەرگرتن لە نووسراوەكە بۆ تێپەڕاندنی ئەجیندای دیاریكراوی سیاسی، ئەوەش لە ساڵانی دوایی بابەتێكی بڵاوە.