لە دوای دەست پێكردنی هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، میلیشیاكانی عێراق دەستیان بە كردنەئامانجی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا و بنكە سەربازی و نێردە یپلۆماسییەكانی لە عێراق كرد، بەتایبەتی لە هەرێمی كوردستان، لە بەرانبەردا فڕۆكە حەنگییەكانی ئەمەریكا تا ئێستە چەندان بارەگە و بنكەی ئەو میلیشیایانەیان لە ناوچە جیاجیاكان وێران كردووە.
سەرچاوەیەكی تەناهی لە پارێزگای سەڵاحەدین ئاماژەی كرد كە ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا لە جۆری ئێف16 چەند هێرشێكی ئاسمانیان كردووەتە سەر چەند شوێنێك لە چیای مەكحوول و ناوچەكانی نزیك لە كۆشكەكانی سەرۆكایەتی لە باكوری شاری تكریت، بەڵام تا ئێستە زانیارییەكان لەبارەی زیانەكان و سروشتی ئامانجەكان دیار نین، بەڵام رێكخراوی داعش لەو ناوچانە چالاكە.
لە لایەكی تر ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا پێگەیەكی سەربازیی لیوای 30ی حەشدی شەعبیان لە نزیك شارەدێی بەرتلە لە رۆژهەڵاتی مووسڵ لە دەشتی نەینەوا كردە ئامانج، كە بە لیوای شەبەك ناسراوە، تا ئێستە هیچ زانیارییەك لەبارەی بۆردمانەكە دیار نییە.
هەر ئەمڕۆ سەرچاوەیەكی تەناهی باسی ئەوەی كرد ئەمشەو سیستمی بەرگریی ئاسمانیی بنكەی سەربازیی ڤیكتۆریا لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا دوو درۆنیان تێك شكاند كە هەوڵیان دابوو لە بنكەكە نزیك ببنەوە.