سوودانی و مالیكی پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی رابەری نوێی ئێران دەكەن

:: PM:10:19:09/03/2026 ‌

دوای ئەوەی عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران لە هەڵمەتە سەربازییە هاوبەشەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە سەرەتای هەفتەی رابردوو كوژرا، دوێنێ موجتەبا خامنەیی كوڕی عەلی خامنەیی وەك شوێنگرەوەی باوكی وەك رابەری باڵای ئێران دیاری كرا، ئەمڕۆ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكی حكوومەتی كاربەڕێكەری عێراق و نووری مالیكی كاندیدی شیعە بۆ پۆستی سەرۆكی حكوومەتی نوێی عێراق پیرۆزباییان لە رابەری نوێ كرد.

بەپێی بەیاننامەیەكی نووسینگەكەی، ئەمشەو سوودانی برووسكەیەكی پیرۆزبایی بۆ ئایەتوڵا موجتەبا خامنەیی پێشكەش كرد بە بۆنەی هەڵبژاردنی وەك رابەری نوێی ئێران، رای گەیاند كە لەو كاتەی سەرەخۆشیتان لێ دەكەین بەهۆی كوژرانی ئایەتوڵا عەلی خامنەیی، متمانەی خۆمان دەردەبڕین بە توانای سەركردایەتی نوێی ئێران لە بەڕێوەبردنی ئەو قۆناغە هەستیارە، دووپاتی وەستانی عێراق لەپاڵ ئێران دەكەنەوە و پاڵپشتی لە هەنگاوەكانی وەستانی شەڕ و رەتكردنەوەی هێرشە سەربازییەكان بۆ سەر ئێران دەردەبڕین. 

لای خۆیەوە هەر ئەمڕۆ نووری مالیكی كاندیدی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پۆستی سەرۆكی حكوومەتی نوێی عێراق برووسكەیەكی پیرۆزبایی ئاراستەی ئایتوڵا موجتەبا خامنەیی رابەری نوێی ئێران كرد بە بۆنەی دەستبەكاربوونی لە پۆستەكە و گوتی، ئەو دیاریكردنە بەڵگەی متمانەی بەرزە بە زانیاری و توانا و رۆڵی ئێوە لە سەركردایبەتیكردنی نەتەوە لەو قۆناغە هەستیارەدا، گەلی ئێران جارێكی تر ئازایەتی و توانای خۆی بۆ بەرگەگرتنی سەختییەكان پێشان دا و زوو بۆشایی سەركردایەتی پڕ كردەوە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل