ترەمپ داوا لە سەرکردایەتیی ئێران دەکات خۆیان ڕادەست بکەن

:: AM:12:22:10/03/2026 ‌
ئەمڕۆ سێشەم 10ی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، بەردەوامیی هێرشەکانی بۆ سەر ئێران دووپات کردەوە و هاوکات داوای لە سەرکردایەتیی ئێران کرد "خۆیان ڕادەست بکەن".

لە گوتەیەکیدا ترەمپ ڕای گەیاند بەردەوام دەبین تا بەتەواوی مەترسیی ئێران لەناو دەبەین، وە ناوەستین تا دوژمن تێک دەشکێنین.

زیاتر گوتی، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوبەشە ئیسرائیلییەکانمان توانای سەربازیی ئێران تێک دەشکێنین، و باشترین ئۆپەراسیۆنی پێشبینیکراو لە ناو ئێران ئەنجام دەدەین. هاوکات سەرۆکی ئەمەریکا ستایشی ڕۆڵی سوپای وڵاتەکەی کرد و گوتی كە ئەدای سوپای ئەمەریکا زۆر نایابە.

ترەمپ ئەوەشی ڕوون کردەوە، تواناکانی ئێران لە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەتەواوی وێران دەکرێن، ئێمە سوورین لەسەر بەدەستهێنانی سەرکەوتنی تەواوەتی کە مەترسیی ئێران نەهێڵێت. هێزی دەریایی ئێران کۆتایی هاتووە و نزیکەی سەرجەم کەشتییەکانیان لە بنی دەریادان.

لە کۆتایی قسەکانیدا دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە دا کە بڕیاری لێدانی ئێران پێویست بوو بۆ ئەوەی ڕێگە لەوە بگرن ئەوان هێرشیان بکەنە سەر، و دووپاتی کردەوە: "ئێمە ئێرانمان تێکشکاندووە و نازانین کەی خۆیان ڕادەست دەکەن، بەڵام ئەوە تەنیا مەسەلەی کاتە."


وشە - پۆڵا مەحموود