عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە تۆڕی ئێكس، سوپاسی فەرماندەی ناوەندی هێزەكانی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست "سێنتكۆم" دەكات، بەهۆی بڵاوكردنەوەی چەند وێنەیەك لەلایەن ئەكاونتی سێنتكۆم لە تۆڕی ئێكسەوە.
عێراقچی لە ئەكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس، وێنەی پۆستەكەی سێنتكۆمی داناوە و لەگەڵی نووسیویەتی، سوپاس بۆ ئێوە فەرماندەی ناوەندی هێزەكانی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ ئەوەی ددانتان بەوەدا نا كە خاكی دراوسێكانمان بەكار دەهێنن بۆ بڵاوكردنەوەی سیستمی مووشەكی هیمارس دژی گەلی ئێران.
هێمای بۆ ئەوەیش كردووە، ئیتر كەس نابێ ناڕەزایی و سكاڵا بكات، ئەگەر مووشەكە بەهێزەكانمان ئەو سیستمە مووشەكییەی ئهمهریكا بكەنە ئامانج لە هەر شوێنێك بێت وەك تۆڵەكردنەوەیەك.
ئەكاونتی سێنتكۆم لە تۆڕی ئێكس، چەند وێنەیەكی سیستمی مووشەكی گوێزەرەوەی جۆری هیمارسی لەسەر ئۆتۆمبێلی گوێزەرەوە بڵاو كردووەتەوە و نووسیویەتی، ئەو سیستمە مووشەكییە بێ وێنەیە لە وەشاندنی گورز بە قووڵی لە دژی ڕژێمی ئێران.