دەسەڵاتی لبنان لەبارەی ئاوارەبوونی سەدان هەزار كەس بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەكەی راگەیاند، بەپێی ئەو ئامارانەی لەبارەی ئاوارەكانەوە بڵاو كراونەتەوە، ژمارەیان لە ملیۆنێك ئاوارە نزیك بووەتەوە. ئەگەر شەڕ بەردەوام بێت ژمارەكە بەرەو سەرووتر هەڵدەكشێت.
پێگەی "
شەفەق نیوز" ئەمڕۆ چوارشەم 11ی ئادار بڵاوی كردووەتەوە، یەكەی دەستەی كارەساتەكانی سەربە حكوومەتی لبنان، لە راپۆرتێكیدا ئاشكرای كردووە كە لە دووی ئەم مانگە "ئادار" و تا دوێنێ سێشەم، ژمارەی ئاوارە لە لبنان بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیل، گەیشتووەتە 760 هەزار و 300 ئاوارە، جیالەوەی 122 هەزار ئاوارەیش لە كەمپەكانی حكوومەت سەرپەرشتی دەكرێن.
ئاماژە بەوە دراوە كە دەسەڵاتی لبنان تەواوی قوتابخانەكانی تەرخان كردووە بۆ لەخۆگرتنی ئاوارەكان، بەتایبەتی لە شاری وەرزشیی بەیرووت.
فاتیمە شەحاتە /35 ساڵ/ كە دایكی چوار منداڵە و بەهۆی هێرشەكانەوە ئاوارە بووە و ئێستە لە یەكێك لە قوتابخانەكان خۆی پاراستووە، بۆ ئاژانسی "فرانس پرێس" دەڵێت، لێرەدا جگە لە خۆراكی لەقوتوونراو، هیچ شتێك نییە بیخۆین تەنانەت شیری منداڵانیش، بۆیە دەوێ بگەڕێمەوە بۆ ماڵەكەم و ناتوانین لێرە هەڵبكەین كە یەك لە منداڵەكانم شیرەخۆرەیە.
شاری وەرزشیی بەیرووت وەك ئاوارەكان باسی دەكەن، تەواوی قوتابخانەكانی بۆ ئاوارەكان تەرخان كراون، هەر قوتابخانەیەك نزیكەی دوو تا سێ هەزار ئاوارەی تێدایە، بۆیە دۆخیان لەوپەڕی خراپیدایە، لەلایەك نەبوونی خۆراك و لەلایەكی تریشەوە نەبوونی دەرمان و پێداویستییە تەندروستییەكان.
بەپێی ئامارێكی وەزارەتی تەندروستیی لبنان كە دوێنێ بڵاوی كردووەتەوە، لە هێرشەكانی ئیسرائیلیدا بۆ سەر لبنان تا ئێستە 484 كوژراو و زیاتر لە هەزار و 300 برینداریش هەن. 15 كەسیش سەربە دەستەی تەندروستی سەربە حزبوڵای لبنان كوژراون.
پێشتر بە ناوەندگیریی عومان، سێ گەڕی دانوستان لە نێوان ئەمەریكا و ئێران لە عومان و جنێڤ بەڕێوە چوون، بەڵام وێڕای ئەوەی ئێران دانوستانەكانی بە "باش" ناو برد، بەڵام هیچ ئەنجامێكی بەرچاوی بەخۆوە نەبینی، بۆیە بەیانیی رۆژی شەموو 28ی شوبات، ئیسرائیل بە هاوكاریی ئەمەریكا، هێرشی كردە سەر ئێران و هێرشەكەیش جیا لە تاران، پێنج پارێزگای گرتەوە، بەهۆیەوە ژمارەیەكی زۆر كوژراو و برینداری لێ كەوتەوە و ژمارەیەكی زۆریش بەرپرسی باڵای ئەو وڵاتە كوژراون، لەناویاندا عەلی خامنەیی رێبەری باڵای ئێران و عەلی شەمخانی و عەبدولڕەحیم مووسەوی و زۆری تر لە بەرپرس و فەرماندەكانی ئەو وڵاتە.