دوو زیندانیی سیاسیی كورد لە گرتووخانەی كرماشان ماوەی چوار ڕۆژە دەستیان بە مانگرتن كردووە، ئەوەیش لە بەرانبەر دەستێوەردانی ئیتڵاعات لە پرۆسەی لێكۆڵینەوەی دۆسیەكانیاندا.
تۆڕی مافەكانی مرۆڤی كوردستان لەبارەی مانگرتنی دوو زیندانیی سیاسیی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، زانیاری بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە، دوو زیندانیی سیاسیی كورد بە ناوەكانی مەهدی باقری مامۆستای خانەنشین و كەیۆ مەرس واعیزی چالاك لە گرتووخانەی دیزڵئاوای كرماشان، ماوەی چوار ڕۆژە دەستیان بە مانگرتن لە خواردن كردووە، بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی.
ئاماژە بۆ ئەوەیش كرا، ئەو دوو زیندانییە سیاسییە لە بەرانبەر دەستێوەردانی ئیدارەی ئیتڵاعات لە پرۆسەی لێكۆڵینەوەی دۆسیەكانیاندا مانیان لە خواردن گرتووە.
جێی ئاماژەیە، پێنجی كانوونی دووەمی ئەمساڵ، مەهدی باقری و كەیۆمەرس واعیزی، لە كاتی خۆپێشاندانەكاندا لەلایەن هێزەكانی ئێرانەوە دەستبەسەر كران، دوای كۆتاهاتنی لێپرسینەوەكان ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی كرماشان (دیزڵئاوا) كران.