بە دوو فڕۆكەی جەنگی هێرش كرایە سەر بارەگای حەشدی عەشایەری لە باكوری مووسڵ، چەكدارانی ئەو هێزە سوننەن و سەر بە میلیشیاكانی حەشدی شەعبین.
ئەمڕۆ چوارشەم 11ی ئادار، سەرچاوەیەكی تەناهی بە ماڵپەڕی
شەفەق نیوزی راگەیاند، لە ئاسمانی مووسڵ دوو فڕۆكەی جەنگی بینراون و دواتر بۆردومانی بارەگایەكی حەشدی عەشایەری كراوە لە باكوری مووسڵ. سەرچاوەكە دووپاتی دەكاتەوە هێرشەكان لە كاتی خۆرئاوابوون بووە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی ئەو سەرچاوەیە ئەو شوێنەی هێرشی كراوەتە سەر بارەگای فەوجی 24ی سەربە لیوای 59ی حەشدی عەشایەری بووە لە گەڕەكی عەرەبی باكوری مووسڵ. تا ئێستەیش زیانەكان نەزانراوە.
حەشدی عەشایەری هێزێكی سەربە حەشدی شەعبییە و زۆربەی چەكدارەكانی سوننەن و لە مووسڵ و ئەنبار و تكریت و كەركووك بوونیان هەیە.
ئەمڕۆ چەندان هێرش كرایە سەر بارەگاكانی حەشدی شەعبی لە دیالە، قائیم، واست، بابل، بەغدا و دەشتی نەینەوا. ئەم هێرشانەیش دوای ئەوە دێت میلیشیاكانی عێراق شەڕیان لە بەرژوەندی ئێران راگەیاندووە.