ئەمڕۆ چوارشەم 11ی ئاداری 2026، مەزلووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە پەیامێکدا ڕای گەیاند، ئەو هێرشەی کرایە سەر خێوەتی پرسەی گەنجێک بە ناوی "عەلا ئەمین" لە قامشلۆ، کارێکی تێکدەرانەیە، هاوکات دووپاتی کردەوە کە لایەنە پێوەندیدارەکان بە توندی بەدواداچوون بۆ بکەرانی ئەو کارە دەکەن و بەپێی یاسا ڕووبەڕووی لێپرسینەوە دەکرێنەوە.
مەزلووم عەبدی لە پەیامەکەیدا کە لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە سەکۆی "ئێکس" بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە کە ئەو گەنجە پێشتر لەلایەن لایەنێکی تەناهیی سەر بە بەڕێوەبەریی خۆسەرەوە گیرابوو، و لە ماوەی گرتنەکەیدا گیانی لەدەست داوە.
فەرماندەی هەسەدە ئاشکرای کرد، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بێلایەن پێکهێنراوە بۆ بەدواداچوون و زانینی وردەکارییەکانی ئەو تاوانە، و لە ڕۆژانی داهاتوودا دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، ئەنجامەکەی بە شێوەیەکی شەفاف بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکرێتەوە.
لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، عەبدی دووپاتی کردەوە کە بە تەواوی پابەندن بە لێپرسینەوە و سزادانی سەرجەم ئەو کەسانەی تێوەگلاون و بەرپرسن لەو تاوانە، لایەن و پێگەیان هەرچییەک بێت، بەبێ هیچ جیاکاری و چاوپۆشییەک.
لە کۆتاییدا، مەزلووم عەبدی پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری ئەو گەنجە کرد و بەڵێنی پێ دان کە بێگومان دادپەروەری جێبەجێ دەکرێت.