ماڵپەڕی كەناڵی سۆمەرییە نیوزی عێراقی ئاشكرای دەكات كاروانێكی سەربازیی ئەمەریكا لە عێراقەوە بەرەو بنكەی سەربازی قەسرك لە رۆژهەڵاتی حەسەكە رۆیشتووە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیان لا بووە.
ئەمڕۆ چوارشەم 11ی ئادار ماڵپەڕی كەناڵی
سۆمەرییە نیوزی عێراقی ئاشكرای كردووە، كاروانێكی سەربازی كە لە تانك و ئۆتۆمبێڵی بارهەڵگر پێكهاتووە لە عێراقەوە جووڵەی پێ كراوە و بەرەو بنكەی سەربازی قەسرك لە رۆژهەڵاتی حەسەكە رەوانە كراوە.
كاروانەكە چەك و لۆجیستی هەڵگرتووە، تەنانەت سیستەمی بەرگری ئاسمانیشیان لەگەڵ بووە.
هەفتەیەك لەمەوبەر ئەمەریكا لەناكاو بنكەی سەربازی قەسركی چۆڵ كرد و چەك و جبەخانەكەی بۆ عێراق گواستەوە، كە پێشبینی دەكرا بۆ هەرێمی كوردستان بێت. ئەو كات میدیاكان ئاشكرایان كرد بە هۆی نەبوونی سیستەمی بەرگری ئاسمانی لە بنكەكە ئەمەریكا بنكەكەی چۆڵ كردووە. بنكەی قەسرك بە گەورەترین بنكەی ئەمەریكا دادەنرێت لە سووریا.