هاوكات لەگەڵ بەردەوامبوونی هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائبل لە دژی ئێران، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە كە لە لەناوبردنی تەواوی كەشتییە سەربازییەكانی ئێران كە مینیان لە گەرووی هورمز دەچاند سەركەوتوو بوون، دووپاتی كردەوە كە دەبێت حزبوڵای لبنانی لەناو ببەن و نایەوێت باسی موجتەبا خامنەیی رابەری نوێی ئێران بكات.
ترەمپ لە میانی وەڵامدانەوەی پرسیاری رۆژنامەوانان گوتی، هەموو كۆمپانیا و كەشتییەكانی هەڵگری نەوت دەتوانن بە گەرووی هورمز تێپەڕ ببن كەشتییە جەنگییەكانی ئێرانمان لەناو بردووە و دەبێت لە كاركردن بەرەدەوام بین، داوای لە هەموو كۆمپانیا و كەشتییەكانی هەڵگری نەوت دەكەم بە گەرووی هورمز تێپەڕ ببن، تەواوی ئەو كەشتییانەی ئێرانمان لەناو برد كە مینیان لە گەرووەكە دەچاند.
و دووپاتی كردەوە كە لبنان و گەلی لبنانمان خۆش دەوێت، بەڵام دەبێت حزبوڵای لبنانی لەناو ببەین، سەبارەت بە رابەری نوێی ئێران ترەمپ گوتی، نامەوێ باسی موجتەبا خامنەیی بكەم، سەبارەت بە هوتافلێدانی پەرلەمانتارانی عێراق لە دژی ئەمەریكا پرسیار لە ترەمپ كرا و ئەویش گوتی، پرسیارێكی باش نییە.