ئەمڕۆ چوارشەم 11ی ئاداری 2026، "مقاومەی عێراقی" کە گرووپە چەکدارە شیعەکانی تێدایە، هۆشداریی دایە ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا لە هەر جووڵەیەک بەرەو خاکی لبنان، و بە "ڕاگەیاندنی جەنگ" دژی تەواوی بەرەی مقاومە وەسفی کرد.
لە بەیاننامەیەکدا "مقاومە" ڕای گەیاند، هۆشداری دەدەینە ئەبو محەمەد جۆلانی (شەرع)، کە هەر جووڵەیەکی دوژمنکارانە بەرەو خاکی لبنان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دوژمنی زایۆنی و ئەمەریکی، بە هەر بیانوویەک بێت، وەک ڕاگەیاندنی جەنگە بۆ سەر تەواوی بەرەی مقاومە.
زیاتر هاتووە، مقاومەی ئیسلامی لە عێراق کە هێزەکانی داگیرکەری ئەمەریکای تووشی نەهامەتی کردووە و تەرمی چەکدارانی داعشی بۆ گورگی دۆڵەکان بەجێ هێشتووە، توانای ئەوەی هەیە جووڵەکانتان لەگۆڕ بنێت ئەگەر تێوەبگلێن لە هەوڵی لێدان لە ژینگەی مقاومە یان حزبوڵا.
لە بەیاننامەکەدا دووپاتیان کردووەتەوە، ئێمە خیانەتی دەسەڵاتی نوێ لە سووریا دەبینین و چاودێریی هاوئاهەنگییەکانیان لەگەڵ دوژمن دەکەین، بە ڕوونی دەڵێین: ئەگەر بوێریی ئەوە بکەن سەروەریی لبنان و گەلە خۆڕاگرەکەی پێشێل بکەن، ئەوا خاکەکەتان دەکەینە گۆڕەپانێکی کراوەی ئاگر.