موقاوەمەی عێراقی هەڕەشە لە ئەحمەد شەرع دەكات

:: PM:09:35:11/03/2026 ‌

لە دوای هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، میلیشیا شیعەكانی عێراق ئەوانەی بە ناوی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق هێرشی سەربازی دەكەنە سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا، دەستیان بە جموجۆڵ كردووە، بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا و نێردە دیپلۆماسییەكانی لە بەغدا و هەرێمی كوردستان بۆردمان دەكەن، ئەمڕۆ هەڕەشەیان لە سەرۆكی سووریا كرد لە ئەگەری جووڵاندنی هێز بە ئاراستەی خاكی لبنان.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم هاوئاهەنگیی موقاوەمەی عێراقی لە بەیاننامەیەك ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سووریایان وریا كردەوە لە ئەگەری هەر جموجۆڵێكی سەربازی بە ئاراستەی خاكی لبنان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمەریكا و ئیسرائیل و لەژێر هەر پاساوێك، ئەگەر وا بكات بە راگەیاندنی شەڕ لە دژی تەواوی بەرەی موقاوەمەی لە قەڵەم دەدەن.

روونیان كردەوە، موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق كە تاڵاوی بە هێزەكانی ئەمەریكا چەشت و تەرمی داعشەكانی بۆ گورگی دۆڵەكان جێ هێشت، توانای زیندەبەچاڵكردنی جموجۆڵەكانی ئێوەی هەیە ئەگەر هەوڵی زیانگەیاندن بە بەرەی موقاوەمەت و حزبوڵای لبنانی بدەن، ئێمە چاومان لەسەر ستەمی دەسەڵاتی نوێی سووریایە و چاودێریی هاوئاهەنگی لەگەڵ دوژمن دەكەین، بە روونی دەڵێین، ئەگەر بوێری پێشێلكردنی سەروەریی لبنان و گەلەكەی بكەن، خاكی سووریا دەكەینە گۆڕەپانێكی كراوەی شەڕ.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل