ئەمڕۆ چوارشەم 11ی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، ئەو جەنگەی هێزەکانی وڵاتەکەی دەیکەنە سەر ئێران بەوە وەسف کرد کە "ئاسان بوو"، هاوکات پێی وایە نرخی نەوت دادەبەزێت.
ترەمپ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، دوو جار سەرکردایەتیی ئێرانمان کردووەتە ئامانج." ڕوونیشی کردەوە کە "جەنگەکە بۆ ئێمە ئاسانە، کارگەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانمان وێران کردووە و گورزمان لە نزیکەی 28 بەلەمی ئێرانیی تایبەت بە چاندنی مین وەشاندووە.
سەرۆکی ئەمەریکا ئەوەشی زیاد کرد، ئەو ئۆپراسیۆنە کورتەی ناو ئێران، لە هەڵگیرسانی جەنگێکی تر دوورمان دەخاتەوە، ئاماژەی بەوەش دا کە ئەمەریکا دەستکەوتێک بەدەست دەهێنێت کە هیچ کەسێک لە ناو ئێراندا پێشبینیی نەدەکرد.
سەبارەت بە بازاڕی دارایی و نەوتی جیهانیش، دۆناڵد ترەمپ دووپاتی کردەوە کە بازاڕەکانی دارایی زۆر باشن و نرخی نەوتیش دادەبەزێنین.