رۆژنامەی مەدا ئاشكرای دەكات، لە 24 سەعاتی رابردوودا میلیشیاكانی عێراق و حكوومەتی محەمەد شیاع سوودانی رووبەڕووی یەكتر بوونەوە. سوودانی هەوڵ دەدات میلیشیاكان كۆنترۆڵ بكات و ئەوانیش سوودانی بە جێبەجێكاری فەرمانەكانی ئەمەریكا تۆمەتبار دەكەن.
ئەمڕۆ پێنجشەم 12ی ئادار، رۆژنامەی
مەدا ئاشكرای دەكات، شەوی سێشەم لەسەر چوارشەمی رابردوو، شەوی رووبەڕووبوونەوەی میلیشیاكان و حكوومەتی سوودانی بووە، دوای ئەوە گرژی و تۆمەتباركردنی یەكتر زیادی كردووە، دوای ئەوەی حكوومەتی سوودانی هەوڵ دەدات كۆنترۆڵیان بكات و ئەوانیش ئەو هەنگاوانە بە جێبەجێكردنی فەرمانەكانی ئەمەریكا دەزانن.
لە 24 سەعاتی رابردوودا میلیشیاكان بە دەیان درۆن هێرشیان كردووەتە سەر بەغدا و زۆربەیان بۆ ناوچەی فڕۆكەخانە بووە. بەگوێرەی زانیارییەكانی رۆژنامەی مەدا، ئەوان پێوەندییان بە سوودانی كردووە بەهۆی ئەوەی هێزەكانی عێراق گەمارۆی هەندێك لە میلیشیاكانیان كردووە. مەدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات خەریك بوو كێشەكە لە نێوانیان قووڵ دەبووە، بەڵام ئەبوفەدك محەمەداوی سوپاسالاری حەشدی شەعبی ناوبژیوانی كردوون و هێوری كردوونەتەوە.