عێراق: سەركۆنەی هێرشەكانی سەر حەشد دەكەین

:: PM:12:34:12/03/2026 ‌
فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق رای دەگەیەنێت، هێرشێكی دڕندانە و ئاشكرا كە پاڵەوانەكانی هێزەكانی حەشدی شەعبیی لە كەركووك كردە ئامانج.

ئەمڕۆ پێنجشەم 12ـی ئادار، لە راگەیەنراوێكی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكاندا هاتووە، بە نیگەرانی لەو هێرشە دڕندانە و ئاشكرایانە دەڕوانین و بەدواداچوون دەكەین كە پاڵەوانەكانی هێزەكانی حەشدی شەعبی دەكەنە ئامانج، لە كاتێكدا شانبەشانی براكانیان لە هێزە تەناهییەكانمان لە ناوچە بەرپرسیارێتییەكانیاندا ئەركە نیشتمانییە پیرۆزەكانیان ئەنجام دەدەن.

ئاماژە بەوەش كراوە، بەردەوامی ئەو سەرپێچییانە ناڕەزایی و تووڕەیی بەرفراوان لەناو گەلی سەربەزماندا دەورووژێنێت.

فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق دەڵێت، دوایین هێرشە ناڕەواكان بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە پارێزگای كەركووك و ناوچەی عوكاشات ڕوویان داوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ئێمە ئەو كار و ئۆپراسیۆنانە بە پێشێلكردنی ئاشكرای سەروەریی نیشتمانی و هێرشێكی ڕاستەوخۆ بۆ سەر كەرامەتی عێراق دەزانین.


وشە - رامیار جەواد