چەند فڕۆكەیەكی جەنگی بۆردمانی بارەگایەكی كەتائیبی حزبوڵایان كرد لە بابل، بەڵام دەركەوت بارەگاكە چۆڵ كراوە و هیچ كەسێكی تێدا نەماوە، سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن هاوشێوەی ئەو بارەگایانە، چەندان بارەگای تری میلیشیاكان چۆڵ كراون.
ئەمڕۆ پێنجشەم 12ی ئادار،
چەند فڕۆكەیەكی جەنگی بۆردمانی بارەگایەكی كەتائیبی حزبوڵایان كرد لە پارێزگای بابل. سەرچاوەیەكی بەرپرس بە شەفەق نیوزی راگەیاندووە، هێرشەكە بۆ سەر بارەگایەك ئەنجام دراوە لە ناوچەی مەیادین بوو كە سەربە شارۆچكەی جورف سەخرە.
سەرچاوەكە باسی لەوە كردووە، تەواوی بارەگاكە وێران بووە، بەڵام هیچ زیانێكی گیانی نەبووە، چونكە بارەگاكە چۆڵ كراوە و هیچ كەسێكی تێدا نەبووە.
لە میدیای عێراقیدا زانیاری ئەوە بڵاو كراوەتەوە، زۆر لە بارەگای میلیشیاكان چۆڵ كراون لە ترسی ئەو هێرشانەی بەردەوام دەكرێتە سەریان.
میلیشیاكانی عێراق لە بەرژەوەندیی ئێران شەڕیان راگەیاندووە، هەرچەندە باس لەوە دەكەن بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا دەكەنە ئامانج، بەڵام لە چەندان هێرش بۆ سەر هەرێمی كوردستان و بەغدا چەندان دامەزراوەی فەرمی و خەڵكی سڤیلیان كردووەتە ئامانج.